دیجیتاڵ میدیای سپێده
مەسرور بارزانی و بۆریس جۆنسن دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیایان تاوتوێکرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێکراوە
ئاماژە بەوەیشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بۆریس جۆنسن ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و ھەرێمی کوردستانداوە و باسی لە سەردانی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە و گوتوویەتی: "سەردانەکەم بۆ ھەولێر یەکێک بووە لە سەردانەکانم کە ھەرگیز لە بیر ناکرێت و ھیوادارم دەرفەتی ئەوەم ھەبێت جارێکی دیکە سەردانی ھەولێر بکەمەوە".
باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ھاریکاریکردنی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا بۆریس جۆنسن ستایشی ھەماھەنگیی و رۆڵی ئەرێنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەراندا.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی بەریتانیا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کردووە کە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە ھاریکاریکردنی ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووریی، سەرچاوەکانی داھات، برەودان بە وەبەرھێنان و ھیواشی خواستووە کە وەبەرھێنانی بەریتانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت و، جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەر ئاسانکارییەکی پێویست، پێشکەشی وەبەرھێنەران بکات.