دیجیتال میدیای سپێده
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا ھەوڵ دەدات ئەو ھەڵانەی لە قۆناغی یەکەمی جەنگی ئۆکرانیا کردوویەتی قەرەبوو بکاتەوە بەڵام دەستبەسەرداگرتنی دۆنباس "ناچاری نەبووە".
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن لە کاتی پێدانی زانیاری سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا-رووسیا بە گرووپێک لە رۆژنامەوانان ھەڵسەنگاندنی بۆ ھێرشەکانی رووسیا بۆ سەر دۆنباس کرد.
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن باسی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ سەبارەت بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دۆنباس کرد و گوتی: "پێمان وایە ئەم ھێرشانە دەستپێکی ھێرشێکی گەورەترە کە رووسیا پلانی بۆ دادەنێت".
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا لە ئێستادا کار لەسەر رێکخستنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکات و رایگەیاند کە یەکە وشکانییەکانی رووسیا سەرلەنوێ لە باشووری رۆژئاوای ئیزیوم پێشڕەوی دەکەن و دەستیان بە تەواوکردنی پێداویستییەکانی نۆژەنکردنەوە کردووە.
بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، زانیاری ئەوەشی بڵاوکردەوە کە رووسیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو کەتیبەی تەکتیکی دیکەی بۆ ناوچەی دۆنباس لە رۆژھەڵاتی ئۆکراینا گواستووەتەوە و بەمشێوەیە ژمارەی کەتیبەکانی رووسیا لەو ناوچەیە بۆ ٧٨ بەرزبووەتەوە.
بەرپرسەکە، راشیگەیاند رووسیا ئەو ھێزە شەڕکەرەی کە بۆ جەنگی ئۆکراینا ھێناوێتی بۆ سەدا ٧٥ کەمکردووەتەوە و ئاشکرایکرد کە سوپای رووسیا ھەندێک یەکەی سەربازیی لە جۆرجیاوە بۆ ئۆکراینا گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی لەوە کردەوە کە دوای ٥٤ رۆژ لە جەنگ ھێشتا رووسیا باڵادەستی بەسەر ئاسمانی ئۆکراینا نەسەپاندووە و رایگەیاند سوپای رووسیا دەیەوێت بەرەی باکووری رۆژھەڵات لەگەڵ بەرەی ماریوپۆل لە باشوور بەیەک بگەێنێت.
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد کە رووسیا ھەوڵ دەدات ئەو ھەڵانەی لە قۆناغی یەکەمی جەنگی ئۆکراینا کردوویەتی قەرەبوو بکاتەوە و گوتی: "ئەگەر رووسیا ماریوپۆل داگیربکات ئەوە بە ناچاری نابینم کە دەستبەسەر دۆنباس-یش بگرێت".
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بەردەوامە و ئاشکرایکرد کە ئەو ھاوکارییەی سەربازییەی کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە ١٣ی نیسان بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار رایگەیاند دەستی بە گەیشتنی کردووە بۆ ناوچەکە.
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن زانیاری ئەوەشی بڵاوکردەوە کە رۆژی پێشووتر فڕۆکەیەکی دیکە کە چەکی ھەڵگرتبوو گەیشتە ناوچەکە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داھاتوودا شەش فرۆکەی دیکە ھاوکاری دەگەیەنن