سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا، چارلز میشێل رایگەیاند دڵنیایە لەوەی کە گەمارۆی یەکێتی ئەورووپا بۆسەر نەوت و گازی رووسیا "زوو یان درەنگ" جێبەجێ دەکرێت.
چارلز میشێل لەدوای سەردانی بۆ شاری بۆرۆدیانکا کە ئۆکراینا کۆنترۆڵی کردووەتەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی کۆبوویەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
میشێل گوتی: "ئەمانە دڕندەییە. ئەمانە ھەمووی تاوانن. دەبێت سزابدرێن. سزادەدەرێن"، و ئاماژەی بەوە کرد، چونکە سەرکەوتنی ئۆکراینایان دەوێت سوورن لەسەر پێشکەشکردنی ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتە.
سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتییهكهی ئۆکراینای دڵنیا کردووەتەوە کە پاڵپشتی دەکات و گوتی: "تا ئەمڕۆ چەندین بڕیاری یەکلاکەرەوەمان داوه. ئەمە بەس نییە، بۆیە بە بەردەوامی کار لەسەر زیادکردنی فشار بۆ سەر رووسیا دەکەین".
سەبارەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەورووپا، چارلز میشێل باسی لەوە کرد کە جیاوازی بیروڕا لە ناو یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە پێواژووی ئەندامبوون "شاراوە نییە" و دووپاتیکردەوە کە ئەمە پێواژوویەکی یاسایی و لە ھەمان كاتدا سیاسییە.
میشێل ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا تا کۆتایی مانگی حوزەیران بۆچوونی خۆی ئاشکرا بکات و جهختی لهوه كردهوه خۆیشی لەگەڵ ئەنجامدانی ئەمە دەست بە پێواژووی ھەڵسەنگاندن دەکات.
سەبارەت بە گەمارۆی سەر نەوت و گازی رووسیا، سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپا رایگهیاند: "خودی خۆم لەوە دڵنیام کە ئەمە زوو یان درەنگ بڕیاری لەسەر دەدرێت چونکە یەکێتیی ئەورووپا سوورە لەسەر بابەتی راگرتنی پشت بەستن بە وزەی رووسیا".