دیجیتاڵ میدیای سپێده
رووسیا قەدەغەی ھاتنە ناو وڵاتەکەی خستە سەر ٢٩ کەسایەتی ئەمریکی کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کاماڵا ھاریس و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەردنی کۆمپانیای مێتا، مارک زۆکەربێرگ لە نێویاندایە لەگەڵ ٦١ کەسایەتی کەنەدیی.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە لایهن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە بەردەوامی سزاكانی سهر بەرپرسانی رووسیا و خانەوادەکانیان، خاوهنكاران، زانایان و کەسایەتییە کولتوورییەکان فراوان دەکات.
باس لەوەش کراوە کە لە وەڵامی ئەوهدا ٢٩ کەسایەتی ئەمریکی کە ئەو رۆژنامەوانانە لەخۆدەگرێت کە رۆژەڤ لە دژی رووسیا درووستدەکەن، شارەزایان، خاوهنکار و بەرپرسە باڵاکان و ھاوسەرەکانیان خراونەتە لیستی سزاکانەوە و ھاتنیان بۆ رووسیا قەدەغە دەکرێت.
لیستی ئەو ناوانەی كه سزایان بهسهردا سهپێنراوه بڵاوکرایەوە و ناوی ھەریەک لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کاماڵا ھاریس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جۆن کێربی، سکرتێری گشتیی کۆشکی سپی، رۆناڵد کلاین و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەردنی کۆمپانیای مێتا، مارک زۆکەربێرگی تێدایه.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، وەڵامی کەنەدا کە بە بەردەوامی سزا دەخاتە سەر بەرپرسە رووسەکان دراوەتەوە و تێیدا ھاتووە: "٦١ کەسایەتی کە بەرپرسە باڵا حکوومەییەکان، کارمەندانی سەربازیی ئەوانەی لەسەر کارن و ئەوانەی خانەنشین کراون، نوێنەرانی پسپۆریی کۆمەڵایەتیی و رۆژنامەوانە ناودارەکان لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداردەبن لە پەرەپێدان، بههانه هێنانهوه و جێبەجێکردنی دژایەتی کردنی رووسیا لەناو رژێمی کەنەدا تاکو کاتێکی دیارینەکراو ھاتنهناوەوەیان بۆ رووسیا لێ قەدەغەدەکرێت".