ئاوی عێراق بۆ نیوە دادەبەزێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی وتووە، سەرچاوەكانی ئاو لە وڵاتدا لە ساڵی ڕابردووەوە بە ڕێژەی (50%) كەمیانكردووە بەهۆی وشكە ساڵی بەردەوام، كەمی ڕێژەی بارانبارین و نزمبوونەوەی ئاستی ڕووبارەكانی نێو وڵات.

وڵاتی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت وێڕای هەبوونی دوو ڕووباری گەورەی دیجلەو فورات كەچی بە یەكێك لەو پێنج وڵاتەی جیهان دانراوە كە لەبەردەم گەورەترین مەترسی گەرمبوونی زەوی یاخود گۆڕانی كەشوهەوادان.

(عەون دیاب) راوێژكارێكی باڵای وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دەڵێت، یەدەگی ئاوی عێراق ئەمساڵ زۆر كەمترە بە بەراورد بە ساڵی پار، بە ڕێژەی نزیكەی (50%)، بەهۆی كەمی بارانبارین و ئەو بڕەی كە لە وڵاتانی دراوسێوە دێت.

هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات، كە بە نێو خاكی عێراق و توركیاو سوریا تێدەپەڕن. عێراق زۆرجار زۆرجار نارەزایەتی دەربڕیووە كە دروستكردنی بەنداو لەو وڵاتانە بۆتە هۆی كەمبوونی بڕی ئاوی ئەو ڕووبارانە لە عێراق.

دیاب دەڵێت، ئەمە ئاگاداركردنەوەیەكە بۆمان كە چۆن سەرچاوە ئاوییەكانمان لە هاوین و زستانی داهاتوودا بەكاربهێنین، دەبێت ئەم هۆكارانە ڕەچاو بكەین كاتێك پلان بۆ كەرتی كشتوكاڵ دادەنێین.