دیجیتال میدیای سپێده
ئێوارەی ئەمڕۆ یەك شەممە 24-4-2022، بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئێوارەخوانێكی بۆ ژمارەیەك لە بانگخوازو كەسایەتی ئیسلامی سازكردو لە وتەیەكدا ڕایگەیاند: گۆڕەپانی كوردستان لەهەر كات زیاتر پێویستی بە خزمەتكردنە لەلایەن بانگخوازان و كەسایەتیە ئیسلامیەكانەوە، چونكە لە هەرێمدا كار لەسەر بەلاڕێدابردنی نەوەی داهاتوو بە چەندین شێوازو بە بەرنامەو پلان دەكرێت، ئەمەش ئەركی هەموانی لەبواری پەروەردە قورستركردوە بەتایبەت ئەركی بانگخوازو زانایانی ئاینی و كەسایەتیە ئیسلامیەكان.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێم و ناوچەكەو جەختیكردەوە: جێگەی نیگەرانیە ئاسۆیەكی ڕوون بۆ داهاتووی هەرێم بەدیناكرێت و لەپاڵ ئەمەشدا بەرپرسان بێباكن لە چارەسەركردنی كێشەو گرفتە كەڵەكەبوەكانی چەند ساڵی ڕابردووی هاوڵاتیان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژو ساڵ لەدوای ساڵ هاوڵاتیان ڕوبەڕوی كێشەی زۆرترو زیاتر دەبنەوە.