سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی: ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رژێمی زایۆنی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ ئاسایشی ناوچه‌كه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 

‎74 ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنی سه‌رزه‌مینی مێژوویی فه‌له‌ستین و دروست بوونی رژێمی ساخته‌ی ئیسرائیل له‌ به‌شێك له‌م سه‌رزه‌مینه‌ پیرۆزه‌دا به‌ به‌های ئاواره‌بوونی ملیۆنان فه‌له‌ستینی و كوشت و بڕ و پێشێل و وێران كردنی به‌رده‌وام له‌ دژی گه‌لی سته‌ملێكراو و بێ په‌نای فه‌له‌ستین و ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ دا تێده‌په‌ڕێت؛ 74 ساڵێك كه‌ له‌ ئه‌نجامی بێ ده‌نگی و پشتگیری به‌شێك له‌ هێزه‌ جیهانیه‌كان له‌ رژێمی زایۆنی كه‌ رۆژانه‌ په‌نا بۆ "پێشێلكردنی روون، به‌رده‌وام و سیسته‌ماتێكی مافه‌كانی مرۆڤ" ده‌بات، قه‌یرانی داگیركاری فه‌له‌ستینی كردووه‌ به‌ درێژترین، تراژیدی ترین و ئاڵۆزترین قه‌یرانی ئێستای جیهان.
‎به‌ داخه‌وه‌ له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی كۆتایی دا به‌شێك له‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ بری به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ ئایینی و مرۆڤایه‌تیه‌كانی خۆیان له‌ پشتگیری كردن له‌ گه‌لی فه‌له‌ستین له‌ هه‌مبه‌ر تاوانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی رژێمی زایۆنی، ده‌ستی دۆستایه‌تیان بۆ ئه‌م رژێمه‌ درێژ كردووه‌ و به‌ بیانووی پووچی كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ و پێكدادان و دابین كردنی ئاشتی و ئاسایش، هه‌نگاویان به‌ره‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ناوه‌.
‎مێژوو و ئه‌زموونی له‌به‌رچاوی زیاد له‌ 7 ده‌یه‌ی گه‌لی فه‌له‌ستین و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌، به‌ باشی و به‌ روونی پیشانی داوه‌ كه‌ به‌هۆی كرۆكی بنه‌ڕه‌تی رژێمی زایۆنی له‌سه‌ر بنه‌مای پێشێلكاری و داگیركاری و تاوان، پابه‌ندی هیچ جۆره‌ پایه‌ و بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئه‌خلاقی و ته‌نانه‌ت رێكه‌وتن و به‌ڵێنێك نییه‌ و دیدگای ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌شێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ ئاست ره‌وتی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، دیدگایه‌كی پووچه‌ و له‌ تراویلكه‌یه‌ك زیاتر هیچی دیكه‌ نییه‌. "رژێمی كاتی زایۆنی" له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌دا سود له‌ چه‌مك گه‌لێكی وه‌ك ئاشتی و ئاسایش، سه‌قامگیری ناوچه‌یی و په‌ره‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ وه‌رده‌گرێت. وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نابێت به‌ فێڵی رژێمی زایۆنی به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی وڵاتانی خۆیان بخه‌ڵه‌تێن. بێ گومان بوونی راسته‌وخۆ یاخود ناراسته‌وخۆی ئه‌م رژێمه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا كه‌ ته‌نها به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی داگیركاری و پیلان له‌ ناوچه‌كه‌یه‌ جگه‌ له‌ ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ هیچ مژده‌یه‌ك به‌دوای خۆی دا ناهێنێت.
‎به‌رده‌وامبوونی تاوان و كاره‌ تیرۆریستیه‌كانی رژێمی زایۆنی له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا له‌ دژی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی فه‌له‌ستین و توندكردنی ئه‌و كرده‌وانه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دوایی دا و سودوه‌رگرتن له‌ سه‌رقاڵ بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ قه‌یرانی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌، گۆیای ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی یه‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌لأ ئه‌م رژێمه‌دا ته‌نها ده‌بێته‌هۆی هاندان بۆ داگیركاری و سته‌م له‌ سه‌رزه‌مینی فه‌له‌ستین و هه‌رچی زیاتر چاونه‌ترسی ئیسرائیل بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی دژبه‌ مرۆڤایه‌تی. له‌ ئه‌نجام دا نه‌ ته‌نها له‌ به‌ دیهێنانی ئاشتی له‌ فه‌له‌ستین نزیك نابینه‌وه‌، به‌ڵكو راده‌ی داگیركاری، نائارامی، تاوان و تیرۆر و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رزه‌مینی فه‌له‌ستین زێده‌تر بووه‌. چاوخشانێك به‌ كۆمه‌ڵێ راپۆرت و زانیاری و ئاماری ره‌سه‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌لمێری ئه‌م بۆچوونه‌یه‌:
‎1- له‌ راپۆرتی رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ساڵی 2022 دا به‌ ناونیشانی "سیسته‌می نه‌ژادپه‌ره‌ستی ئیسرائیل دژی فه‌له‌ستینیه‌كان: سیسته‌مێكی بێ به‌زه‌ییانه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سوڵته‌گه‌ری و تاوانی دژبه‌ مرۆڤایه‌تی بنیات نراوه‌" هاتووه‌: كرده‌وه‌كانی سوڵته‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر زه‌وی و موڵكی فه‌له‌ستین، كوشتنی نایاسایی، گواسته‌وه‌ی زۆره‌ملێ، سنورداركردنی توندی هاتوچۆ، زه‌وتكردنی مافی هاوڵاتی بوون به‌شێكن له‌ سیسته‌مێك كه‌ خووی داوه‌ته‌ جیاكاری نه‌ژادی له‌ هه‌مبه‌ر فه‌له‌ستینیه‌كان. ئیسرائیل به‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ به‌ تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و جیاكاری نه‌ژادی دێنه‌ ئه‌ژمار، ئه‌م سیسته‌مه‌ی پاراستووه‌.

‎2- به‌پێی راگه‌یاندراوی كۆمیسیۆنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رۆژئاوای ئاسیا (ئیسكوا)، گرنگترین كرده‌وه‌ دژ به‌ یاساكانی رژێمی زایۆنی له‌ ماوه‌ی ساڵی 2021 دا بریتین له‌: فراوان كردنی چالاكییه‌ نایاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌ دروست كردنی شارۆچكه‌كان، به‌كارهێنانی توند و تیژی له‌ لایه‌ن شارۆچكه‌ نشینه‌كانه‌وه‌، خاپوور كردن و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی دارایی و شوێنی نیشته‌جێ بوونی فه‌له‌ستینیه‌كان، سنورداركردنی هاتوچۆ، راگواستنی زۆره‌ملێ، جیاكاری و پێشێل كردنی بنه‌ماكانی یه‌كسانی، به‌كارهێنانی فراوانی توند و تیژی و هێز، گرتنی هه‌ڕه‌مه‌كی و مامه‌ڵه‌ی خراپ و بێبه‌ش كردنی فه‌له‌ستینیه‌كان و عه‌ره‌به‌كانی دانیشتووی جۆلان له‌ به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانی زه‌ویه‌كانی خۆیان.
‎3- ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا رێگربوو له‌ چوونه‌ناوه‌وه‌ی هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ خه‌ڵكی غه‌زه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌ ئابووریه‌كانی قه‌یرانی كۆرۆنا، بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی فه‌له‌ستینی تووشی كێشه‌گه‌لێكی گه‌وره‌ كربوویه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی رژێمی زایۆنی وای كردووه‌ كه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ غه‌زه‌ پێش كۆرۆنا له‌ناو بچێت.
‎4- كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی خێزانی شه‌هیدانی فه‌له‌ستین رایگه‌یاند: هێزه‌كانی داگیركاری زایۆنی له‌ ساڵی 2021 دا به‌ گشتی 357 هاوڵاتی فه‌له‌ستینییان شه‌هید كردووه‌. له‌م نێوه‌نده‌دا، ژنان نزیكه‌ی 19%ی شه‌هیده‌ فه‌له‌ستینیه‌كان پێك ده‌هێنن. ئه‌مه‌ به‌رزترین ئاماری شه‌هیدانی ژنی فه‌له‌ستینیه‌ له‌ مێژووی تاوان و كرده‌وه‌ توندئاژۆكانی رژێمی زایۆنی له‌ پاش داگیركردنی سه‌رزه‌مینی فه‌له‌ستین له‌ ساڵی 1948 وه‌. 79 كه‌س له‌م شه‌هیدانه‌ به‌ رێژه‌ی 22% له‌ منداڵانن.
‎5- له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2022ی زاینیه‌وه‌ تاكو ئێستا 39 فه‌له‌ستینی به‌ ده‌ستی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی رژێمی زایۆنی شه‌هید كراون.
‎6- رێكخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیل بی تێستلیم (B Tselem) له‌ راپۆرتێك دا رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل له‌ ساڵی 2021دا خانووی 295 فه‌له‌ستینی به‌ بیانووی زیاده‌ره‌ویه‌وه‌ روخاندووه‌. به‌پێی ئه‌م راپۆرته‌، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014 وه‌ ئه‌مه‌ خوێناوی ترین ساڵی فه‌له‌ستین بووه‌.
‎7- سوپای رژێمی زایۆنی له‌ ساڵی 2021 دا نزیكه‌ی 8 هه‌زار فه‌له‌ستینی له‌ نێویان دا 1300 لاو و 184 ژنی ده‌ستگیر كردووه‌. ژماره‌ی به‌ندكراوانی هه‌تاهه‌تایی له‌ به‌ندیخانه‌كانی رژێمی زایۆنی له‌م ساڵه‌دا گه‌شتووه‌ته‌ 547 كه‌س.
‎له‌ به‌رامبه‌ردا، گه‌لی فه‌له‌ستین له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دا وه‌ك مافێكی ره‌وای خۆیان له‌ دژی داگیركاری و پێشێلكاری ده‌وه‌ستنه‌وه‌. گۆڕانكاریه‌كی گرنگ و له‌به‌رچاو كه‌ وێناكه‌ی له‌ ساڵی رابردوودا زیاتر خۆی ده‌رخست بریتی بوو له‌ پێكه‌وه‌یی و به‌رگری خه‌ڵكی غه‌زه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی و كه‌رتی رۆژئاوای فه‌له‌ستین و زه‌وییه‌ داگیركراوه‌كانی 1948. جه‌نگی سه‌یف القدس پیشانی دا كه‌ توانای به‌رگری له‌ نێوان گه‌شت فه‌له‌ستینیه‌كان به‌رزه‌ و رۆژ له‌دوای رۆژ به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ خۆی بۆ خۆی بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌یه‌ك بۆ به‌رگری زایۆنیزم.
‎كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستور و دیدگای نه‌گۆڕی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی دا بۆ پشتگیری كردن له‌ گه‌لانی سته‌ملێكراو له‌ هه‌مبه‌ر سته‌مكار و داگیركه‌ران، به‌ شانازییه‌وه‌ پشتگیری و پشتیوانی له‌ خه‌باتی ره‌وای گه‌لی فه‌له‌ستینی نه‌ ته‌نها وه‌ك سیاسه‌تێكی كورتخایه‌ن و ته‌كتیكی به‌ڵكو وه‌ك ئه‌ركێكی ئیسلامی و مرۆڤایه‌تی و مرۆڤدۆستانه‌ كردووه‌ به‌ سه‌ردێڕی سیاسه‌تی ناوچه‌یی خۆی و له‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
‎كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی فه‌له‌ستین دا چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا پرۆژه‌یه‌كی دیموكراتیك و دادپه‌روه‌رانه‌ی به‌ ناونیشانی "ئه‌نجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی له‌ فه‌له‌ستین" خستووه‌ته‌ڕوو و له‌ سكرتارییه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دا تۆمار كراوه‌. به‌ بڕوای كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌رزه‌مینی باوباپیرانی خۆیان و ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌ نێوان خه‌ڵكانی ره‌سه‌نی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ به‌ مه‌به‌ستی دیاری كردنی چاره‌نوس و جۆری سیسته‌می سیاسی خۆیان، كاریگه‌رترین رێكاره‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م ناكۆكییه‌. به‌ پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ موسوڵمان، یه‌هودی و مه‌سیحیه‌ ره‌سه‌نه‌كانی فه‌له‌ستین ده‌توانن جۆری حوكمرانی یاسایی خۆیان هه‌ڵبژێرنن و به‌ شێوه‌ی ئازادانه‌ و یه‌كسان سودمه‌ند بن له‌ مافه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بنه‌ما دیموكراتی و مافه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دارێژراوه‌ و خراوه‌ته‌ڕوو.

‎ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێگره‌وه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ پرۆژه‌كانی پێشووتر كه‌ به‌ هۆی له‌به‌رچاونه‌گرتنی كرۆكه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ واته‌ داگیركاری و نادیده‌گرتنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین به‌ تایبه‌ت مافی چاره‌ی خۆنوسین شكستیان هێناوه‌.