وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، تۆمارکردنی چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی و ١٨ حاڵەتی تووشبوونی بە پەتاکە راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەھۆی پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسیی و ١٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە لە سەرانسەری عێراقدا تۆمارکراون.
سەیف بەدر ئاماژەی بەو رێکەوتە نەکردووە کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی تۆمارکراوە و گوتی: "لەمساڵدا ١٠ حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە لە ژمارەیەک پارێزگا تۆمارکراون".
باسی لەوەش کرد کە زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق تۆمارکراون و جەختیشی کردەوە کە پێویستە ھەمووان پابەندبن بە رێنماییەکانی خۆپارێزیی، بۆ ئەوەی لەو پەتا مەترسیدارە بەدووربن.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە ٢٦ی تەمووزی رابردوودا، یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدانی بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، رێژەی گیانلەدەستدان بەھۆی پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی، دەگاتە ٤٠ لەسەدا.
پەتاکە لە رێگای پەلەوەر و ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دواتر مرۆڤەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەیگوازێتەوە.