سه‌رۆككۆماری توركیا، سه‌ردانی سعودیه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ شاى سعودیه‌ كۆده‌بێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سه‌رۆككۆماری توركیا، سه‌ردانی سعودیه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ شاى سعودیه‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا راگه‌یێندراوێكی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ سعودیه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی شا سه‌لمان عه‌بدولعه‌زیز بووه‌.

وابریاره‌ سه‌ردانه‌كه‌ دوو رۆژبخایه‌نێت و ئه‌ردۆغان رۆژانی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سعودیا بكات.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ریاز له‌ چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ تاوتوێده‌كرێت.

سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان چوار ساڵ دوای كوژرانی رۆژنامه‌نووس جه‌مال خاشوقچی له‌ كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئیسته‌نبووڵ دێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان توركیا و سعودیه‌ی ئاڵۆزكردبوو، به‌ڵام توركیا له‌ ماوه‌ی رابردوودا بڕیاری ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێك دا، كه‌ سعودیه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌

ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌ردۆغان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ و ریاز بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. نوێنه‌رانی پیشه‌سازی توركیاپێیانوایه‌: ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی وڵاته‌كه‌یان بۆ سعودیه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، كه‌ پێشتر بڕه‌كه‌ی گه‌یشتبووه‌ دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ده‌گاته‌ سێ ملیار دۆلار.