دیجیتاڵ میدیای سپێده
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەگەر فینلاند و سوید داوا بکەن بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا بەگەرمی پێشوازی لە داواکارییەکەیان دەکەن و لەوانەیە پرۆسەی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە ماوەیەکی کەم بخایەنێت.
یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ بەمەبەستی زانیاری دان لەبارەی دوا رەوشی ئۆکرانیا بە گرووپە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا چووە باڵەخانەی پەرلەمان لە بڕۆکسل، بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، رۆبێرتا مەتسۆلا بۆ میدیاکاران دوا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەگەر فینلاند و سوید داوا بکەن بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا بەگەرمی پێشوازی لە داواکارییەکەیان دەکەن و لەوانەیە پرۆسەی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە ماوەیەکی کەم بخایەنێت و گوتی: "فیلاند و سوید دەتوانن بڕیار لەوە بدەن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ. ئەگەر بڕیار بدەن داواکاری پێشکەش بکەن ئەوا لە ناتۆ بەگەرمی پێشوازییان لێ دەکرێت. ئەم دوو وڵاتە لە هاوبەشە هەرە نزیکەکانمانن، خاوەن دیموکراسییەتێکی بەهێز و پێگەیشتوون، ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان و چەندین ساڵە بەیەکەوە کار دەکەین لەگەڵیان".
یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە دا، بوونی ئەو دوو وڵاتە بە ئەندام لە ناتۆ دەبێتە پەیامێکی سیاسی بەهێز لەبارەی "گرنگیدانی تەواوی ئەندامانی ناتۆ بە پاراستنی ئاسایشی فینلاند و سوید".
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لهوهشكرد فینلاند و سوید ئازادن لەوەی چ رێگایەک هەڵدەبژێرن و گوتی: "رووسیا بە هەڕەشەکردن و ترساندن هەوڵ دەدات سوید و فینلاند داواکاری پێشکەش نەکەن بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە رووسیا رێز لەوە ناگرێت کە هەر وڵاتێک چ رێگایەک بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت".