ئەمریکا: "دەتوانرێت دەست بەسەر پارەی بانکی ناوەندیی رووسیادا بگیرێت"

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئانتۆنی بڵینکن، رایگەیاند جگە لە ماڵ و سەروەتی كه‌مینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی رووسیا ده‌توانرێت دەستبەسەر پارە بلۆککراوەکانی بانکی ناوەندیی رووسیاشدا بگرن و بۆ ئۆکراینا بەکاریبھێنن.

ئانتۆنی بڵینکن لە میانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی تاوتوێکردنی بوودجه‌ لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ھەڵسەنگاندنی بۆ ئه‌و رێکارانه‌ كرد كه‌ ئیدارەی ئەمریکا لە بەرامبەر رووسیا گرتوویه‌تییه‌ به‌ر.

لە وەڵامی پرسیاری "باس لە دەست بەسەردا گرتنی یەخت، ڤێللا و ھەژماری بانكی كه‌مینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ رووسەکان دەکەین. ئەگەر ئەم پره‌نسیپە قبوڵ بکەین دەتوانرێت لەگەڵ پارەی دەوڵەت (ی رووسیا) جێبەجێی بکرێت؟ چونکە بڕە پارەیەکی زۆرتری بانکی ناوەندیی رووسیا بلۆککراوە"، بڵینکن رایگه‌یاند: "ئەگەر پێویست بکات بە کورتی وەڵام بدەینەوە، بەڵێ".

وەزیری دەروەی ئەمریکا گوتیشی: "ئەمە شتێکە کە دەمانەوێت یاساناسەکانمان کاری لەسەر بکەن،چ دەسەڵاتێک (ی یاسایی) بۆ دەست بەسەردا گرتنی ئەم پارانە پێویسته‌؟ بەڵام نەک تەنھا بۆ دەستبەسەرداگرتنیان، لە ھەمان کاتدا بەو شێوەیەی کە ئەندامی کۆنگرێس ویڵسن پێشنیاری کرد، تاوتوێی چۆنێتی بەکارھێنانی (بۆ ئۆکراینا) دەکەن".

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندبوو ھەنگاویان بۆ ئەوە ناوە کە دەسەڵاتی فراوانتر بدرێته‌ ئیداره‌كه‌ی بۆ دەست بەسەردا گرتنی ماڵ و سەروەتی كه‌مینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی رووسیا و بەکارھێنانیان بۆ ئۆکراینا، و بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆنگرێس لەسەر ئەو پرسە کار ده‌كه‌ن.