ئه‌فغانستان.. ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمب ژماره‌یه‌ك كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

شه‌وی رابردو له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمب به‌ دو ئۆتۆمبێلدا له‌ ناوچه‌ی مه‌زار شه‌ریفی باكوری ئه‌فغانستان، نزیكه‌ی 9 (نۆ) كه‌س كوژران و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون، چه‌كدارانی داعشیش به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ راگه‌یاند.

محه‌مه‌د ئاسف وه‌زیری، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی له‌ مه‌زاری شه‌ریف رایگه‌یاندوه‌،"دو بۆمب به‌ دو ئۆتۆمبێلی پیكاب ته‌قیونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كان دانرابون، له‌ئه‌نجامیشدا 9 (نۆ) كه‌س كوژران و 13 (سێزده‌) كه‌سی دیكه‌ش برینداربون".

هه‌ر دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و دو بۆمبه‌ش، چه‌كدارانی داعش به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند و ئاشكرایانكرد، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانیانه‌وه‌ هه‌ردو بۆمبه‌كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كان دانراون.

سه‌ره‌ڕای دڵنیایی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاڵیبان بۆ رێگریكردن له‌چه‌كدارانی داعش و پاككردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان له‌ تیرۆرستان به‌ڵام هێرشه‌كانی داعش له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی وڵات به‌رده‌وامن.

هه‌فته‌ی ڕابردو له‌ خوێندنگایه‌كی ئاماده‌یی له‌ ڕۆژئاوای كابول ته‌قینه‌وه‌ ڕویدا و نزیكه‌ی 6 (شه‌ش) كه‌س كوژران و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون.