دهۆك.. بەهۆی باران بارین و دروستبوونی لافاو زیانێكی زۆر بەر هاوڵاتیان كەوت

دوا نوێکردنەوە: 2020-03-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵمیدیای سپێده‌

بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانەی كە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە لە دهۆك لە روباری هیشكەڕۆ لافاو دروستبوو و ئاو چووە ناو ماڵان و زیانیكی زۆر به‌ر 500 ماڵ و دوكان كه‌وت

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی دهۆك به‌ سپێده‌ی ڕاگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوو ، له‌ به‌ر بارینی بارانێكی زۆر زه‌ره‌رو زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر هاوڵاتیانكه‌وتووه‌ نزیكه‌ی 500 ماڵ و دوكان له‌ سنوری پارێزگای دهۆك تێیدا زه‌ره‌رمه‌ندبوونه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: 5 پردی هاتووچۆ به‌ ته‌واوی روخاون و له‌ناوچوونه‌ هاتووچۆ تیایاندا وه‌ستاوه به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی دهۆك ووتیشی: جێگای داخه‌ به‌هۆی به‌ركه‌وتنی هاوڵاتیه‌ك به‌ بروسك هاوڵاتیه‌كی شاری دهۆك گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و له‌ زاخۆش به‌هۆی دروستبوونی لافاوه‌وه‌ هاوڵاتیه‌ك گیانی له‌ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ ئاكرێ شوێنێكی كوتانی مه‌ڕوماڵات روخاوه‌و  30 سه‌ر له‌ مه‌ڕوبزن له‌ناوچوون.

لە لایەكی دیكەشەوە هەر بەهۆی دروستبوونی لافاو دەیان ئۆتۆبیڵی هاوڵاتیان ژێر ئاو كەوت و زیانێكی زۆری ماددی بە هاوڵاتیان گەیشت، شەوی رابردوو پەرلەمانتاری یەكگرتوو هەلز ئەحمەد لە پارێزگای دهۆك چووە ناو ئەو گەڕەكەی كە زیانی بەركەوتووە و گوێی لە گلەیی و داخوازیەكانی خەڵك گرت و داواكاریەكانیان بەرز دەكاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی كوردستان

هڵز ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوو له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان به‌ سپێده‌ی ڕاگه‌یاند: داوا له‌ بودجه‌ی تایبه‌تی حكومه‌ت بۆزیانلێكه‌وتوانی هه‌ر پارێزگایه‌ك كه‌دیاریكراوه‌ ده‌كات، قه‌ره‌بووی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بكرێت كه‌ به‌هۆی دروستبوونی لافاو له‌ ڕووباری هشكه‌ڕوو زیانیان پێگه‌یشتووه‌، هه‌روه‌ها ووتیشی: به‌ ڕاپۆرت زه‌ره‌ر و زیانه‌كانیان بۆ حكومه‌ت به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌كچۆن له‌كاتی سوتانی بازاری ئورزدی ڕاپۆرتمان به‌رزكرده‌وه‌و خاوه‌نه‌كانیان قه‌ربووكران