دیجیتاڵ میدیای سپێده
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لە هەوڵی پەڕینەوەدابوون بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکان.
گوتەبێژی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، شابیا مانتۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا له بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان له جنێڤ بانگەوازی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد پەلە بکەن لە پێشگرتن لە مردنی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی کە رێگەی ئاوی وشکانیی زۆر مەترسیدار دەگرنە بەر و بەرگرییان لێ بکەن.
مانتۆ ئاشکرای کرد ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەشی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکان و بێ سەروشوێن بوون.
ناوبراو زانیاری دا لەبارەی ئەوەی ساڵی رابردوو هەزار و ٩٢٤ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و هەزار و ١٥٣ی دیکە کە لە باکووری خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی کەناری لەهەوڵی پەڕینەوەدابوون، خنکان و بێ سەروشوێن بوون.
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی لە دوو دەریاکەدا خنکان و بێ سەروشوێن بوون هەزار و ٥٤٤ کەس بوو. بەداخەوە لە سێ مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا ٤٧٨ کەس لە دەریادا خنکان و بێ سەروشوێن بوون".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە زۆربەی رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران لە دەریاکاندا بەهۆی زۆر هەڵگرتنی سەرنشینان و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و نەگونجاوەوە روویانداوە. هەروەها بەشێکی زۆری بەلەمەکان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە نوقمی دەریا بوون.
مانتۆ بانگەوازی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بە بڕی ١٦٤،٥ ملیۆن دۆلار، کرد بۆ بەرگریکردن لە پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسیی و پێشگرتن لەو قاچاخچییانەی بازرگانی و یاری بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن.
جێگەی باسە وڵاتانی لیبیا، تونس و مەغریب کە دەکەونە باکووری کیشوەری ئەفریقا لە سەرووی ئەو وەڵاتانەوە دێن کە کۆچبەران بێ گوێدانە مەترسییەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی لێیەوە دەپەڕنەوە ئەورووپا.