ڕێكخراوێكی بواری نەوت كشانەوەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بە پێشهاتێكی خراپ لەبواری نەوتدا ناودەبات، و دەڵێت، كۆمپانیای دیلۆیت بە بەرژەوەندى حکومەتى هەرێم کاردەكات و یارى بە ژمارەکان دەكات.
ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیاریى نەوتى کوردستان لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كردووە دەڵێت، دواپێشهاتى خراپ لەبارەى مەلەفى نەوتەوە، کشانەوەى گەورە کۆمپانیاى ئەمریکى ئیکسۆن مۆبیل بوو بەنهێنى لە کوردستان، پیشانى دەدات یەکێک لە زلهێزترین کۆمپانیا نەوتیەکانى جیهان دڵخۆش نیە بە “وەبەرهێنانى ڕیسکدار” لە کەرتى نەوت و غازى هەرێمى کوردستان.
ڕێكخراوهكه پێشیوایە، چۆن هاتنى ئیکسۆن کاریگەریى مەعنەویى گەورەى هەبوو لەسەر دروستبوونى خواستى وەبەرهێنانى نەوتى لە هەرێمى کوردستان، ئاواش پێچانەوەى جانتاکەى خواستەکە تووشى لاوازى و ترس و دڵەڕاوکێ دەکات.
ههروهها له بارهی دۆسیەی غازی سروشتی ئاماژهی بهوهش كرد ، “لە ساڵی 2019وە بە ڕاپۆرت و بەچەندین داتاى جیاواز بۆ حکومەت ڕاى گشتیمان سەلماند، ئەم دۆسیەیە نابێت وەکو نەوت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و، درکمان بەو مەترسیە گەورەیە کردبوو کە بەرۆکى خەڵکى کوردستان و حکومەت دەگرێت، ئیستاش کاتێک دەبینین خواستە کەسیەکان زاڵن بەسەر ئەم دۆسیەیەدا زیاتر دوودڵى و نادڵنیایى لە ئایندەى ئەم مەلەفە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە”.
باسی لهوهش كرد، ئەو یەکانەى چاودێرى هاوشێوەى “دیلۆیت” نابێت ببنە هۆکارى دڵخۆشى لەکاتێکدا بە بەرژەوەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکەن و یارى بە ژمارەکان دەکەن.
ڕێكخراوەكە،ئهوهشی خستۆتهڕوو، لە ساڵی 2014ەوە نزیكەی 30 ڕاپۆرتیان لەسەر كەرتی نەوت هەبووە و چاودێری بووە، پێشنیاردەكات هەرێمى کوردستان واز لە خۆسەرى لە پرسى هەناردەى نەوت و وەبەرهێنان لە غازى سروشتى بهێنێت، لەگەڵ عێراق بگاتە “ڕێکەوتنێکى دادپەروەرانە”، چونکە کشانەوەى ئیکسۆن مەعنەویەن پیشانى دەدات خواستى جیهانى ئەوەیە هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێکەوتن بکات، چەمکى وەبەرهێنان و فرۆشتنى نەوت و غازى “ڕیسکدار” کۆتایى هاتووە.
هۆشداریشیدەدات، بەپێچەوانەوە، بەردەوامى ئەم دۆخە واتا “خۆسەرى لە کەرتى نەوت و غاز” دەرئەنجامەکانى بە زیانى گەورە بۆسەر هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و کۆى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان دەشکێتەوە، زیانە دارایى و سیاسیەکانى کاریگەریى گەورەى مێژوویى لەسەر هەرێمى کوردستان جێدەهێڵێت.