كەشناسیی هەرێم: شەپۆلێكی نمەباران و هەورە تریشقەی ڕوو لە ناوچەكانی كوردستان دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

كه‌شناسیی هه‌رێم پێشبینی ده‌كات، له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژندا ئاسمان هه‌وری ته‌واو بێت له‌گه‌ڵ بارینی باران له‌ ناوچه‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، به‌ پێی تازه‌ترین نه‌خشه‌كانی كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆ، پێشبینی ده‌كرێت، شه‌پۆلێكی نمه‌باران و هه‌وره‌ تریشقه‌ی پچڕ پچڕ ڕوو له‌ ناوچه‌كانمان ده‌كات.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ ڕۆژئاوای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات پاشان بۆ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ده‌گاته‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێم.

كه‌شناسی پێشبینی ئه‌وه‌شیكردووه‌، له‌ سنووری پارێزگاكانی دهۆك، هه‌ولێر و هه‌ندێك ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌ كاته‌كانی ئێواره‌دا بارانی به‌لێزمه‌ی كورت خایه‌ن ببارێت.
ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌، جیا له‌وه‌ش شه‌پولێكی خۆڵبارین ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كاریگه‌ری به‌ سووكی له‌سه‌ هه‌رێم هه‌بێت به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی گه‌رمیان و باشووری هه‌رێم.

كه‌شناسیی هه‌رێم ئاشكراشیكردووه‌، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ كه‌ یه‌كه‌م رۆژى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌ ئاسمان نیمچه‌هه‌ور ده‌بێت له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌وری ته‌واو ده‌بێت له‌ گه‌ڵ بارینی نمه‌ بارانی ناو به‌ناو، له‌گه‌ڵ هه‌وره‌ بروسكه‌.