موسڵمانانی ئۆکرانیا لەنێو جەنگدا جەژنی رەمەزان بەرز رادەگرن

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە کاتێکدا لە ٢٤ی شوباتەوە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کردووە و هێشتا بەردەوامە، موسڵمانانی ئۆکرانیا نوێژی جەژنیان لە مزگەوتی ناوەندی کولتووری ئیسلامی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ئەنجام دا.

دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژنیش، موسڵمانان جەژنەپیرۆزەیان لەیەکتر کرد.

سەرۆکی کۆنگرەی موسڵمانانی ئۆکراینا، سەیران ئاریفۆڤ لەبارەی گرنگی جەژنەوە گوتارێکی پێشکەش کرد.

- "ئەم جەنگە پەیوەندی هەیە بە موسڵمانانی ئۆکراینایشەوە"

ئاریفۆڤ دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "جەنگ هێشتا بەردەوامە و بەم هۆیەوە چەندین موسڵمان لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون. ژمارەیەکیان چوونەتە ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا و ژمارەیەکیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات. هیوادارین تەواوی مسوڵمانان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ئۆکراینادا بکێشێت".

ئاریفۆڤ بە پێویستی زانی تەواوی موسڵمانان لەو پرۆسەیەدا پشتیوانی لەیەکتر بکەن و گوتی: "ئەم جەنگە پەیوەندی هەیە بە موسڵمانانی ئۆکراینایشەوە، پێویستە کەس بێلایەن نەبێت. دەبێت موسڵمانان ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ ساڕێژکردنی برینی ئۆکراینییەکان".

- "دەمانەوێت چی زووە جەنگی ئۆکراینا کۆتایی بێت"

پڕۆفیسۆر لە زانکۆی حکوومیی ئیزمایل لە ئۆکراینا، سەیفوڵڵا راشیدۆڤ هیوای خواست هاتنەوەی جەژنی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی و گوتی: "خوا رۆژوو و نزاکان گیرا بکات و بمانپارێزێت. جەژنی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت".

عەلی ئاسادی کە هاووڵاتییەکی ئۆکراینییە و بە رەچەڵەک فەڵەستینییە رایگەیاند کە خۆشحاڵە بە هاتنەوەی جەژنی رەمەزان و گوتی: "دەمانەوێت چی زووە جەنگی ئۆکراینا کۆتایی بێت، کەس بەو رەوشە دڵخۆش نییە".