شەشەمین پاکێجی سزاکان چەندین بژاردەی وەکوو دەرکردنی بانکەکانی رووسیا لە سیستەمی سویفت و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە، لەخۆ دەگرێت.
یەکێتیی ئەورووپا کار لەسەر ئامادەکردنی شەشەمین پاکێجی سزاکانە دژ بە رووسیا.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ ئاشکرای کرد "جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکراینا" مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان دروست کردووە، بۆیە لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن شەشەمین پاکێجی سزا دژ بە رووسیا ئامادە بکەن.
بۆڕێڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە: "هەوڵ دەدەین لە میانی شەشەمین پاکێجی سزاکاندا ژمارەیەکی زیاتر لە بانکە رووسییەکان له سیستهمی سویفت (SWIFT) دەربکەین، سزای ئەوانە بدەین کە زانیاری چەواشەکار بڵادەکەنەوە و هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بەتەواوی قەدەغە بکەین. تەواوی ئەم سزایانە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردن".
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی وڵاتانی خۆرئاوا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە شەشەمین پاکێجی سزاکاندا کار لەسەر ئەوە دەکات بانکی دارایی مۆسکۆ و بانکی کشتوکاڵی رووسیا لە سیستهمی سویفت (SWIFT) دەربکات.
هەروەها باس لەوە دەکرێت رەنگە بانکی گەورەی رووسیا، سبیربانک بخرێتە لیستی ئەو بانکانەی سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا پێشتریش چەند بانکێکی رووسیایان لە سیستهمی سویفت دەرکردبوو.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت رەنگە لە پاکێجەکەی یەکێتیی ئەورووپادا کار لەسەر ئەوە بکرێت هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی نەوت بەتەواوی قەدەغە بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دژی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیان. یەکێک لەو وڵاتانەی کە دژی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیایە، هەنگاریایە کە لەسەدا ٦٥ی نەوت لە رووسیاوە هاوردە دەکات. پێشتریش وەزیری دەرەوەی هەنگاریا و وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هەنگاریا رایانگەیاندبوو "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا گەرەنتی دابینکردنی وزەی وڵاتەکەمان بدات. بۆیە تاوەکوو ئەو کاتەی وەڵام وەرنەگرین دەنگ بە هیچ سزایەک نادەین کە هاوردەکردنی نەوتی رووسیا سنووردار بکات".