له‌ ڕووبارێك له‌ چۆمان باوك و كچێك خنكان

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دوای ئه‌وه‌ی منداڵێک لە ڕووباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە ده‌کەوێتە ناو ڕووبار و بەمەبەستی ڕزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو ڕووبارو بەهەمان شێوە ئەویش دەخنکێت

بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سۆران ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر (٤:٤۰)ی ئێوارە ٤/ ٥/ ۲۰۲۲ منداڵێک لە ڕووباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە ناو ڕووبار و خنکا بەمەبەستی ڕزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو ڕووبارو بەهەمان شێوە ئەویش دەخنکێت .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: تیمەکانمان لە بەرگری شارستانی ئاگادارکرانەوە دەست بەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداو توانیان تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوەو دەری بهێنن و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، لە ئێستادا تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی باوکەکە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: منداڵەکە ناوی (دینا عبدالرزاق عبدالقادر) ە تەمەنی ۱۱ ساڵە باوکی ناوی (عبدالرزاق عبدالقادر عبدالرزاق)ە تەمەنی ۳٨ ساڵە بەڕەگەز عەرەبن دانیشتووی شاری هەولێرن بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لەم ناوچەیە کردبوو

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ روداوێكی دیكه‌ی خنكان لە ده‌ریاچه‌ی دوکان روویدا دوای ئه‌وه‌ی ژنێکی بەرەگەز عەرەب هەوڵیدا منداڵەکەی لەخنکان رزگار بکات، بەڵام خۆی خنکا دوای ئەوەی منداڵەکەی رزگارکرد