نەتەوەیەکگرتووەکان: سێ ھەزار و 238 مەدەنی لە ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا سێ ھەزار و ٢٣٨ کەسی مەدەنی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و سێ ھەزار و ٣٩٧ کەس برینداربوون.

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، سێ ھەزار و ٢٣٨ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سێ ھەزار و ٣٩٧ کەس برینداربوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە زۆینەی ئەو قوربانییانەی تۆمارکراون بەهۆی بەکارهێنانی چەکی هەستیارەوە بووە، لەنێویاندا بۆردومان کردن بە توپهاوێژ و مووشه‌كهاوێژ و بۆردومانی مووشەکیی و ئاسمانیی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان پێی وایە ژمارەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترن کە تۆمارکراوه‌.

رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەوه‌ی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکراینا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.