دیجیتاڵ میدیای سپێده
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 12 ملیۆن 800 ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھەڕەشەی جەنگەوە لە ئۆکرانیا ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە.
شارەزایانی مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانی نیشاندا.
ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن 800 ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھەڕەشەی جەنگەوە لە ئۆکرانیا ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە و لەکاتێکدا حەوت ملیۆن 700 ھەزار کەس لەو ژمارەیە بەرەو ناوچە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کۆچیان کردووە، زیاتر لە پێنج ملیۆنی دیکەش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی درواسێ.
لە راگەیاندراوەکەدا ھەروەھا باس لەوەش کراوە کە بارودۆخی دەروونی بەشێکی زۆر لەو ھاووڵاتییانەی دەربدەربوون خراپە و پێویستیان بە پشتیوانی بەپەلە و راوێژکاری دەروونی ھەیە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێویستە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی زیاتر لەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە بکەن کە بەناچاری وڵاتەکەیان جێھێشتووە و ھاوکاری مرۆیی زیاتریان پێشکەش بکەن.