دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ١١١ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ١١٣ دۆلار و ٩٩ سەنت و رۆژەکەی بە ١١٠ دۆلار و ٩٠ سەنت تەواو کرد، ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٢٦ــەوە، بە بەراورد بە نرخی داخستنی لە دوێنێدا، بە ڕێژەی لەسەدا ٠،٦٢ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوه بینی و بە ١١١ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ١٠٨ دۆلار و ٨٨ سەنت فرۆشرا.
داواکاری کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا کە هاوردەکردنی نەوتی رووسیا قەدەغە دەکات کاریگەری هەبوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاندبوو کەمبوونەوەی وابەستەیی بە نەوتی رووسیا ئاسان نییە.
ڤۆن دێر لاین باسی لەوە کردبوو کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داندراو و قۆناغبەند بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەری بکاتە سەر نرخی نەوت لە بازاڕە نەوتییەکان کۆتایی دەهێنن بە کڕینی نەوتی رووسیا و رایگەیاندبوو: "دابینکردنی نەوتی خاوی رووسیا لە ماوەی شەش مانگ و دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکانیشی بە شێوەی قۆناغبەند تا کۆتایی ساڵ کۆتایی پێ دێنین".
چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێشنیازەی یەکێتی ئەورووپا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە لەمیانی ٢٨هەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی نەوت لە ئۆپێک پڵەس کە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بازاڕەکانی جیهان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەی ئۆنڵاین رێکخرابوو، بڕیاردرا بەرهەمهێنانی نەوت بە ٤٣٢ هەزار بهرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات.
دوای کۆبوونەوەکەش ئۆپێک پڵەس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی هەلومەرجی هەنوکەیی بازاڕەکانی نەوت لە جیهان بە بارێکی هاوسەنگدا تێدەپەڕن.
باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ١١١ دۆلار و ٨١ سەنت بۆ ١١٢ دۆلار و ٦ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ١١٠ دۆلار و ٨٣ سەنت بۆ ١١٠ دۆلار و ٥٩ سەنت بمێنێتەوە.