دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیۆس مۆراڤیسکی رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین تاوانباری جەنگە و تاوانی کۆمەڵکوژیی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.
ماتیۆس مۆراڤیسکی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "يۆرونيوز"ی ئەورووپی جەختی لە پێویستی ئاسایی نەکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ رووسیادا کردەوە تا ئەوکاتەی ڤلادیمیر پوتین لەسەر دەسەڵاتدا بێت.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد کە رووسیا خواستی دووبارە بنیاتنانی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و دەوڵەتی دوای یەکێتیی سۆڤییەتی هەیە و گوتی: "پوتین کۆمەڵکوژیی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە".
ماتیۆس مۆراڤیسکی راشیگەیاند، "پوتین تاوانباری جەنگە، ئەو بەرپرسە لەو رەوشەی کە ئێستا لە ئۆکرانیادا هەیە".
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "پێویستە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ دادگایەکی نێودەوڵەتیی بۆ بەداواداچوونی تاوانەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەریی پێکبهێنین".
لای خۆیەوە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا "كرملين"، دیمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند، گوتاری سیاسییەکانی پۆڵەندا لە دژی وڵاتەکەی دوژمنایەتی ئاشکرای رووسیایە.
رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.