ئەمریکا بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار پێداویستی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند کە دەسەڵاتی داوە بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار پێداویستی سەربازیی و تەقەمەنی لەسەر بوودجەی سوپای ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین بکرێت.

بلینکن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "لە کاتێکدا زیاد لە دوو مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکی جەنگی ناڕەوا و بێ بەزەیی کریملیندا، ئەستەمە سەرسام نەبیت بەو سەرکەوتنەی گەلی ئۆکرانیا بەدەستیهێناوە. هەروەها ئەستەمە باوەڕ نەکەیت بە سەرکەوتنیان. چونکە نیشانیاندا خاوەنی ئیرادە و بوێری خەباتن".

ئەنتۆنی بلینکن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای هێرش و کاولکاریەکانی رووسیا، ئۆکراینا وەک وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و، گوتى: 'بە پابەندبوون بە دەسەڵاتێک کە لە سەرۆکەوە (جۆ بایدن) دراوە، رێگە دەدەم بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار لەسەر بوودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێداویستی سەربازیی و تەقەمەنی بۆ سوپای ئۆکراینا دابین بکرێت بەمەبەستی دەستەبەرکردنی هاوکاری دیکەی بەپەلەی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە. لە ئابی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، ئەوە نۆیەمین جارە لەسەر بوودجەی وەزارەتی بەرگریی چەک و پێداویستی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دەکڕدرێت".

هەروەها بلینکن باسی لەوە کرد کە لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، لەوەتەی رووسیا جەنگی بە رووی ئۆکراینادا کردووەتەوە، بەهای کۆی ئەو هاوکاریانەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینای دابینکردووە گەیشتووەتە ٣،٨ ملیار دۆلار.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کیربی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە وردەکاری ئەو پشتیوانيیە کرد کە بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینای دابین دەکەن و رایگەیاند 'تواناکانی ئەو پاکێچی هاوکاریە بە شێوەیەک دابینکراوە کە پێداویستیە هەستیارەکانی ئۆکراینا دەستەبەر دەکات ئەوە لە کاتێکدا رووسیا بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر خۆرهەڵاتی ئۆکراینا. پاکێچی هاوکاریەکە پێکهاتووە لە ٢٥ هەزار گولە تۆپی ١٥٥ ملم، سێ راداری تۆپهاوێژی AN/TPQ-36 و ئامێری تێکەڵکردنی سیگناڵی ئەلکترۆنی و پارچەی یەدەگی دیکە'.