بۆچی بەشێک لە میدیا کوردییەکان دەڵێن هێرشی ئەلیکترۆنیمان لەسەرە؟

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بۆچی بەشێک لە میدیا کوردییەکان دەڵێن هێرشی ئەلیکترۆنیمان لەسەرە؟
ئایا لە ڕاستیدا هێرشی ئەلیکترۆنی ڕوویداوە؟

لەم ساڵدا بەشێک لە میدیا کوردییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هێرشێ ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر هەژمارەکانیان لە فەیسبووک و هاک کراون.

ئەمەوێ ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە هەندێک لەو کەموکورتیانە باس بکەم کە میدیا کوردییەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیانە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکییە ئەو کێشە ئەمنییانەیە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئێستا زۆرینەی میدیای کوردی شەڕی کۆمێنت، لایک و ڤیو دەکات، دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت زۆرترین ڤیو (ژمارەی ڤیدیۆی بینراو) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە فەیسبووک بچنێتەوە.

ئەم حاڵەتە تەنانەت میدیا پرۆفشناڵ و یەکەمەکانیشی گرتۆتەوە و نابەناو ئاماری پەیجەکانیان بڵاودەکەنەوە کە مانگانە سەدان ملیۆن بینەریان هەبووە.

ئەمە وایکردووە پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی هەر ڤیدیۆ و بابەتێک بەرێن، بێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت کە دەکرێت لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.

کۆمپانیای مێتا(فەیسبوک) لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە 2017 و ئەو لێپرسینەوانەی لەسەر دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕووبەڕووی بوونەوە، گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەتی کارکردنی لەگەڵ پرسە سیاسییەکان و پارێزگاری کردن لە مافی بڵاوکردنەوە هێناوە.

ئێستا بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی و سپۆنسەر کردنی پێویستی بە چەند هەنگاوێک هەیە کە وردەکارییەکەی زۆری دەوێت ڕوونی بکەمەوە.

بۆیە هەر پەیجێک بەپێی سیاسەتەکانی فەیسبووک مامەڵە نەکات، ڕووبەڕووی سزادان دەبێتەوە، کە ئەوەش لای بەشێک لە میدیاکان ناونراوە هێرشی ئەلیکترۆنی.

هێرشی ئەلیکترۆنی( Cyber attack ) لە کورترین پێناسەیدا، هەنگاوێکە بە بەکارهێنانی پرۆگرامی تایبەتمەند لەلایەن تیمێک یان کەسی شارەزاوە دەکرێتە سەر کۆمپیوتەرێک یان ژمارەیەک کۆمپیوتەر لە تۆڕێکدا کە دەتوانێت توانای دەست گەیشتن بەو کۆمپیوتەرە یان تۆڕەکە نەهێڵێت یان خاوی بکاتەوە.

کەوابێت هیچ هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر پەیجی ئەو میدیایانە ڕووی نەداوە وەک ئەوەی بانگەشەی دەکەن.

ئەوەی روویداوە تەنیا لەلایەن فەیسبووکەوە سزادراون لەبەرئەوەی پێچەوانە سیاسەتەکانی فەیسبووک کاریان کردووە.

کە دەکرێت بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، بابەتی کۆپی ڕایت (مافی لەبەرگرتنەوە) سزا درابن.

دیارترین ئەو سزایانەی فەیسبووک ڕووبەڕووی پەیجەکانی دەکاتەوە پرسی کۆپی ڕایتە، کە هێڵی سوورە لای فەیسبووک.

زۆرینەی میدیاکوردییەکان بێ ئەوەی شارەزاییان هەبێت ئەو ڤیدیۆیانەی کە رەهەندێکی جیهانییان تێدایە بڵاوی دەکەنەوە، (واتە دیمەنێک لای هەر مرۆڤێک دەبێتە جێگەی سەرنج.)

بۆ نمونە دیمەنەکانی جەنگی ئۆکرانیا، یان دیمەنی خواردن ئامادەکردن، ڕووداوی هاتوچۆ ... هتد، کە لە بنەڕەتدا خۆیان بەرهەمیان نەهێناوە و بەڵکو هی خەڵکی دیکەیە و دووبارە بڵاویانکردۆتەوە بۆیە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت سزا بدرێن لەسەری.

کاتێک دیمەنی جەنگی ئۆکرانیا چەند ملیۆن بینەری هەیە، ئەمە واتای کارایی ئەو پەیج و دامەزراوەیە نییە بەڵکو تەنیا کەوتۆتە بەردەم بینەری وڵاتان و ئەوانیش لای خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام وەک بۆمبێکی چێنراو وایە لە هەرکاتێکدا دەتوانێت ئەو پەیجە لەناو ببات.

چونکە لە بنەڕەتدا ڤیدیۆی خۆی نیە و مافی لەبەرگرتنەوەی بۆ خەڵکی دیکەیە.

سزاکانی فەیسبووک خۆی لە چەند شتێکدا دەبینێتەوە، یەکەمجار ئاگادار کردنەوە و دواتر سزای سانسۆرکردنی بابەتەکان، (رێگە نادات ئەو کەسانەی لایکی پەیجەکەیان کردووە بابەتەکان ببینن.)

لە هەندێ باردا بە یەکجاری پەیجەکە دادەخات تەنانەت ئەو هەژمارەش دادەخات کە بابەتەکەی لە پەیجەکە بڵاوکردۆتەوە.

لە هەندێک باری دیکەدا لە کاتی لایک کردنی پەیجەکە ئاگادارت دەکاتەوە کە ئەو پەیجە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست سزادراوە.

ئەمە جیا لەوەی بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەتی توندوتیژی بەرانبەر ئاژەڵان، منداڵان، خۆ کوشتن و دەیان بابەتی دیکە راستەوخۆ رووبەڕووی سزادان دەبنەوە.

میدیای کوردی دیمەنی خۆسوتاندنی کرێکارێکی بەشێوەی راستەوخۆ بڵاوکردۆتەوە.

ئەمە دیوێکی بابەتەکەیە، دیوەکەی دیکەی پەیوەندی بە خراپی لایەنی پارێزگاری کردنییەوە هەیە.

ئەو بەڕێزانەی ئیدارەی پەیجەکان دەدەن بەشێکی بەرچاویان زانیاریی تەواویان لەسەر شێوازی پارێزگاریکردنیان نییە.

زۆربەی پەیجی میدیا کوردییەکان کڕدراونەتەوە بە تایبەت ئەوانەی لەلایەن فەیسبووکەوە بە فەرمی ناسێندراون.

واتە پێشتر بە ناوی کەسێک یان دامەزراوەیەکی دیکەوە بووە و تەنیا ناوەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

ئەمە دەکرێت لە هەرکات و ساتێکدا ڕووبەڕووی سزا یان وەرگرتنەوەی هێمای ناسێنراوی( سەحە شینەکە) ببنەوە.

کە لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک لە پەیجە ناسراوەکان کە پێم خۆش نییە ناوی بهێنم بەم هۆکارە داخرا و بانگەشەی ئەوەیان کرد هێرشێ ئەلیکترۆنیان لەسەر بووە.

هەروەها، بەکارهێنانی هەژماری ساختە(فەیک) بۆ ئیدارەدانی پەیجەکان یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان کە فەیسبووک سەرسەختانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

هاککردنی پەیجێکی فەیسبووک واتە هاککردنی فەیسبووک کە ئەمە کارێکی یەکجار قورس و گرانە و بەو ئاسانییە ڕوونادات.

بەڵام ئەوەی بەسەر هەندێک هەژماردا دێت، دەکرێت بە رێگەیەک لە رێگەکان وشەی نهێنی یان رێگەکانی دەست ڕاگەیشتن بەو هەژمارەیان دەستکەوتبێت و لەو ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی پەیجەکەیان کردبێت، کە ئەمە لە دنیای تەکنەلۆژیادا پێی ناوترێت هاک کردن، ئەم رێگەش تەنیا بەهۆی نەزانینی بەکارهێنەرەکەیەوە ڕوودەدات.

رێبوار ئەحمەد