دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی عێراق ھەناردەکردنی بەنزینی بۆ ھەرێم ڕاگرتووە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پێناو دابەزینی نرخی بەنزین بڕیاری داوە بازرگانان لە دەرەوە بەنزین ھاوردە بکەن.
بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر، ئاری کاکە شین، به میدیای پارتی راگهیاندووه: "بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنزین لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت بەپێی ئەو مەرجانەی ھەیە، کە پێویستە ھاوردەکردنی بەنزین بەجۆرێک بێت کوالێتەکەی باش بێت و بەنزینی خراپ نەبێت و کۆمپانیا و بازرگانەکان داواکاری پێشکەشی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکەن و ڕێگەیان پێ دەدرێت بەنزین ھاوردە بکەن، بۆیە پێویستە کوالێتەکەی ھاوشێوەی بەنزینی کار بێت".
ئاری کاکە شین گوتیشی: "ئەو بڕیارە دەبێتە ھۆی ئەوەی نرخی بەنزین ھەرزان بێت، چونکە ئەوەی بەنزین ھاوردە بکات بە جۆرێک دەبێت لە نرخی ئێستا ھەرزانتر دەبێت، بۆیە ھاوردەکردنی بەنزین دەبێتە ھۆی ھەرزانبوونی نرخی بەنزین".
کاکە شین دهشلێت : "عێراق بەنزینی بۆ ھەرێم ڕاگرتووە، کە ڕۆژانە ١٨٠ ھەزار لیتر بەنزین تا ٣٦٠ ھەزار لیتر بوو، ڕاگرتنی بەنزینی عێراقیش کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین دروست نەکات".
بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ڕاشیگەیاند: "ئێمە بەردەوام چاودێری بەنزینخانەکان دەکەین ھەر کەسێک بەنزینی خراپ بفرۆشێت سزا دەدرێت و بەردەوامیش خەڵک سزا دراوە، کە لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە گشتی زیاتر لە ٤٠٠ بەنزینخانە ھەیە".