دیجیتال میدیای سپێده
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر:'حاڵەتێکی گوماناویی تای خوێنبەربوون لە ھەولێر ھەیە کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نۆ مانگە'.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال، رایگەیاند کە، تا ئێستا ھیچ کەسێک لە سنووری پارێزگای ھەولێر تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە، تەنیا گومانلێکراوێک ھەیە کە نموونەی خوێنی لێ وەرگیراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەین.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو کۆبوونەوەیەک ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە و ھەر یەکە لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری، سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی ھەولێر تێیدا ئامادەبوون و، رێکاری پێویست گیراونەتە بەر.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال گوتی: 'لە نەخۆشخانەی منداڵانی راپەڕین لەلایەن پزیشکێک گومان لە نەخۆشێک دەکرێت کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بەڵام ئێمە تیمێکی پسپۆڕمان بەو نەخۆشییەوە ھەیە، نموونەی خوێنی لێوەرگیراوە و بۆ دڵنیابوون نێردراوەتە تاقیگەی گشتی، ھەروەھا گومانلێکراوەکە لە نەخۆشەکانی دیکە جیا کراوەتەوە".
دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال گوتیشی: 'نەخۆشەکە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نۆ مانگە، لە شاری بەغداوە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی جگەر ھاتووەتە ھەولێر و لێرەش چەند نیشانەیەکی تای خوێنبەربوونی لێ بەدیکراوە ھەر بۆیەش نموونەی خوێنی لێ وەرگیراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەین'.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون یەکەمجار نییە لە عێراق بڵاودەبێتەوە و، پێشتریش ھەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر ژمارەی تووشبووان زۆر زیاترە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.
تای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لە رێگای ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە بەھۆی گەنەیەکەوە (مێروولەیەکە لە کۆمەڵەی جاڵجاڵۆکەیە، دەنووسێت بە پێستی ئاژەڵەوە و خوێنی دەمژێت) ڤایرۆسەکە ھەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە یەک تا حەوت رۆژدا دەردەکەون و نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، ھەموو جەستەی تووشی ئازاری دەبێت، ھەندێکجار نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە دەبێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات کە خوێن لە دەم و لووتی نەخۆشەکەوە بەردەبێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تائێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوونە و لەو ژمارەیەش ھەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.