رووسیا: "بە مووشەکی ئەسکەندەر بۆسەر خارکێڤ ئەو چەکانەمان لەناوبرد کە خۆرئاوا رەوانەی ئۆکراینای کردووە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند كه‌ لە نزیک وێستگەکانی شەمەندەفەری کراسنۆگراد و کارلۆڤکا لە شاری خارکێڤ، بە سیستمی مووشەکیی ئەسکەندەر ئەو چەک و پێداویستیە سەربازیانەیان لەناوبردووە کە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە رەوانەی ئۆکراینا کراون.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا، زانیاری دا سەبارەت بە چالاکی سەربازانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوە کرد کە بە مووشەکی هەستیار کە لە دەریا و ئاسمانەوە ئاراستەیان کردووە، ئامێرەکانی فڕۆکەوانی و چەکی هێزی ئاسمانیی لەوانەش فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا کە لە فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ناوچەی ئارتسیز، ئۆدیسا و ڤۆزنیسینکس لەناوبراون و هاتووە 'بە سیستمی مووشەکی ئەسکەندەر ژمارەیەکی زۆر چەک و پێداویستی سەربازیی لەناوبراون کە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە رەوانەی ئۆکراینا کراون. لەگەڵ لەناوبردنی هێزی لیوای ٥٨ی پیادەی سوپای ئۆکراینا'.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە یەکەکانی هێزی ئاسمانیی رووسیا لە نزیک دوورگەی یڵان، فڕۆکەیەکی بۆردومانکردن لە جۆری Su-24، فڕۆکەیەکی راوکەر لەجۆری Su-27، سێ هێلیکۆپتەر لەجۆری Mi-8 کە سەربازیان تیادابوو، هەروەها سێ فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی سوپای ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە و کەشتی هێرشبەری 'ستانیسلاڤ'ی ئۆکراینایان لەناوبردووە.

گوتیشی: "تا ئەمڕۆ ١٥٤ فڕۆکە، ١١٥ هێلیکۆپتەر، ٧٦٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٢٩٦ سیستمی بەرگریی مووشەکی ئاسمانیی، دوو ھەزار و ٩٠٢ تانک و زریپۆش، ٣٣٣ مووشەکهاوێژ، هەزار و ٣٧٨ تۆپهاوێژ و هاوەن، دوو هەزار و ٧٢٨ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵ و بەرگریی نیشتمانیی سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، میخایل میزینتسێڤ لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە لە پێنجی ئایارەوە تا ئێستا لەو ئۆپەراسیۆنە مرۆییانەی بە رێوشوێنەکانی رووسیا و بە بەشداری چالاکانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئەنجامدراون، ٥١ کەسی مەدەنی کە پێکهاتبوون لە ١٨ پیاو، ٢٢ ژن و ١١ منداڵ لە ناوچەی کارگەی ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریۆپول گواستراونەتەوە و پرۆسەی گواستنەوە تەواو بووە.