سەرۆک وەزیری کەنەدا چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا ده‌نێرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کەنەدا چەک و کەلوپەلی سەربازیی نوێ ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلینسکیدا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند "کەنەدا سزای نوێ بەسەر ئەو کەس و لایەنە ڕووسییانەدا دەسەپێنێت کە پەیوەندییان بە داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە هەیە لە ئۆکرانیا".

ترودۆ وتی " ئەمڕۆ یارمەتی سەربازیی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنم، کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وێنەی مانگی دەستکرد و چەکی بچووک و تەقەمەنی و یارمەتی دیکە، لەوانەش یارمەتیدانی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانی لابردن و پوچەڵکردنەوەی مینەکان."

وتیشی " هەروەها سزا بەسەر 40 کەس و لایەن و دەسەڵاتداری دەوڵەمەند و کەسە نزیکەکانی کەرتی بەرگری ڕووسیادا دەسەپێنین، سەرجەمییان پەیوەندییان هەبووە بە جەنگەکەی پوتنەوە."

ترودۆ سەردانی شارۆچکەی ئیرپینی دەرەوەی کیێڤی پایتەخت کرد، کە پێشتر شەڕێکی قورسی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش پێش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ بکشێنەوە و ڕووبکەنە ڕۆژهەڵاتی و باشووری ئۆکرانیا.

ترودۆ وتیشی کەنەدا دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤی پایتەخت دەکاتەوە.