سەرۆك وەزیرانی عێراق: گرنگە ژیانی ئاسایی لە قەزای شنگال بگەڕێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی رایگه‌یاند ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ پێشتر له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی قه‌زای شنگال كراوه‌، ئامانج لێی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی پێشوازی له‌ شاندێكی دانیشتوانی قه‌زای شنگال كردووه‌، شانده‌كه‌ هه‌ندێك داواكارییان له‌پێناو به‌رقه‌راربوونی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، مسته‌فا كازمی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی چه‌سپاندنی سه‌قامگیری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی له‌ قه‌زاكه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ رووی چالاكییه‌ ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ نابێت ده‌رفه‌ت به‌ پاشماوه‌ی تیرۆر بدرێت و گوتی: "قه‌زای شنگال، گرنگی تایبه‌تی پێ ده‌درێت له‌ پلانه‌كانی حكوومه‌ت".

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ دانیشتوانی قه‌زای شنگال پاڵپشتی له‌ پلانه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و ئه‌و هه‌ڵانه‌یش كه‌ پێشتر روویانداوه‌، چاره‌سه‌ر بكرێن.

هه‌روه‌ها مسته‌فا كازمی له‌ دیداره‌كه‌دا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه‌ كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ ته‌واوكردنی رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و داوایشی كردووه‌ كه‌ دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی قه‌زای شنگال له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یاسای گشتیی فیدراڵیی داهاتوو، جێگیر بكرێن.