وەزیری دەرەوەی عێراق: "٢٦٠ ھەزار ھاووڵاتیی سووریا وەک پەنابەر لە عێراق تۆمارکراون".
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە پێویستە ھەنگاوی سیاسیی راستەقینە بنرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سووریا، ھەروەھا بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش لەو وڵاتە و ئاماژەی بەوەش دا کە لەئێستادا، ٢٦٠ ھەزار ھاووڵاتیی سووریا وەک پەنابەر لە عێراق تۆمارکراون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە کە فوئاد حوسێن لە میانی شەشەمین کۆنگرەی بڕۆکسل تایبەت بە ئایندەی سووریا و ناوچەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سووریاوە، ژمارەیەکی زۆری مەدەنیی لەو وڵاتە بوونەتە قوربانیی و سەدان هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش ئاوارە و پەنابەربوون، ئەمە وێرای ئەوەی ژمارەیەک لە شارەکانی سووریا، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و رایگەیاندووە "دوای ١٠ ساڵ لە سەرھەڵدانی قەیرانی سووریا، جیھان درکی بەوە کردووە کە گەمارۆ سیاسیی و ئابوورییەکان، ھەروەھا شەڕ و پێکدادانەکان قەیرانەکە چارەسەر ناکەن، بەڵکو پێویستە ھەنگاوی سیاسیی راستەقینە بنرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سووریا، ھەروەھا بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش لەو وڵاتە".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە حکوومەتی عێراق ھەر لە دەستپێکی سەرھەڵدانی قەیرانی سووریا، پەرۆشی ئەوە بووە کە پاڵپشتی لە سەرجەم دەستپێشخەرییەکان و ھەوڵە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکان لە ناوچەکە و رایگەیاندووە "لەئێستادا، ٢٦٠ ھەزار ھاووڵاتیی سووریا وەک پەنابەر لە عێراق تۆمارکراون، ئەمە وێرای ئەوەی دەیان ھەزار پەنابەری سووریا لە شارەکانی عێراق نیشتەجێن و لای کۆمیسیونی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارنەکراون".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە فوئاد حوسێن ستایشی ئەو ھەوڵانەی کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتییکردن لە وڵاتانی ناوچەکە خستوویەنەتەگەڕ، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە میواندی پەنابەرانی سووریایان کردووە و رایگەیاندووە "عێراق وێرای ئەوە بەرەنگارییانەی کە لە رووی ئەمنیی و لۆجستییەوە بەرەڕووی بووەتەوە رێگای داوە، یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگای سنووری خۆیەوە بە ھاریکاریی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ لێقەوماوانانی سووریا".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کردووە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، ھەوڵەکان بە ئامانجی لەناوبردنی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و توندئاژۆیی چڕتر بکرێنەوە و راشیگەیاندووە کە گرنگە چارەسەرێکیش بۆ یەکلاییکردنی دۆسیەی کەمپی ئاوارەکان لە سووریا و ژمارەیەک وڵاتانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە، چونکە ئەو کەمپانە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی دروست دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەمەبەستی بەشدارییکردن لە شەشەمین کۆنگرەی بڕۆکسل تایبەت بە ئایندەی سووریا و ناوچەکە گەیشتە بەلجیکا.