وەزارەتی بەرگریی رووسیا: "گەیشتینە سنووری شاری لوهانسک"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی یەکەی نیشتەجێبوونی پۆپاسنای ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و گەیشتووەتە سنووری کارگێریی شاری لوهانسک.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا، زانیاری دا سەبارەت بە چالاکی سەربازانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا رایگه‌یاند، لە یەک شەودا، هێزی ئاسمانیی رووسیا ١٦ ناوچەی کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی یەکە سەربازییەکان و ئامێرە تەکنیکییەکانی ئۆکراینای خاپوور کردووە و یەکەکانی تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژ لە ناوچەی میکۆلایڤ، ٣٣ ناوەندی فەرمان، ناوچەیەک کە ٤٠٧ یەکەی سەربازیی و ئامێری تەکنیکی تێدابووە، لەگەڵ پێنج کۆگای تەقەمەنی و سووتەمەنی و نزیکەی ٣٨٠ چەکداری نەتەوەپەرست لەناوبراون.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و هێزەکانی بەناو کۆماری میللی لوهانسک دەستیان گرتووە بەسەر یەکەی نیشتەجێبوونی پۆپاسنا و هێڵی بەرگریی هێزەکانی ئۆکراینایان شکاندووە و گەیشتوونەتە سنووری کارگێریی شاری لوهانسک.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوەیش کرد، کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا، ١٣ ئامێری سەربازیی، ١٢ ئۆتۆمبێل کە بەمەبەستی هەمەچەشن بەکارهاتوون تشکشکێندراون و نزیکەی ١٢٠ چەکداری نەتەوەپەرست کوژراون، هەروەها ئێوارەی نۆی ئایار لە ناوچەی خارکێڤ فڕۆکەیەکی Su-25 و لە دەورووبەری دۆنێتسک و ئۆدیسا سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینا خرایەخوارەوە.

وتیشی: "تا ئەمڕۆ ١٦٣ فڕۆکە، ١٢٤ هێلیکۆپتەر، ٧٩٣ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣٠٠ سیستمی بەرگریی مووشەکی ئاسمانیی، دوو ھەزار و ٩٧٩ تانک و زریپۆش، ٣٥١ مووشەکهاوێژ، هەزار و ٤٤٠ تۆپهاوێژ و هاوەن، دوو هەزار و ٧٨٩ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".