رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "13% ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌مەی دەمرن گەنجن"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ئەنجامی خواردنەوەی مەی گیان لەدەستدەدەن و رێژەی مردن بەمەی لە جیهاندا، سەدا پێنجی تێکڕای هۆکارەکانی مردن پێکدەهێنێت".

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکدا کە لەژێر ناوی 'کەمکردنەوەی زیانەکانی مەی بە رێکخستنی بەبازاڕکردن و رێکلامی نایاسایی' بڵاوی کردووەتەوە، باس لە کاریگەرە نەرێنییەکانی مەی خواردنەوە کراوە، لەگەڵ ناساندنی بەرهەمەکانی مەی کە بوونەتە نموونەیەکی خراپ لە جیهاندا.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ئەنجامی خواردنەوەی مەی گیان لەدەستدەدەن و رێژەی مردن بەمەی لە جیهاندا، سەدا پێنجی تێکڕای هۆکارەکانی مردن پێکدەهێنێت.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گەنجانیش کەوتوونەتە بەر کاریگەری نەرێنیی مەی و ساڵانە 13%ی ئەوانەی بەهۆی مەی خواردنەوە گیان لەدەستدەدەن گەنجانی تەمەن 20 بۆ 39 ساڵن.

راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەرفراوانبوونی میدیای دیجیتاڵی کارئاسان بووە لە ناساندنی بەرهەمەکانی مەی و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بەتایبەتی لە چالاکییە وەرزشییە گەورەکاندا، رێکلام و ناساندنی بەرهەمەکانی مەی زۆر بەدی دەکرێت. لە فیلمە سینەماییەکاندا، رێکلامکردن و ناساندنی بەرهەمەکانی مەی زیادی کردووە، هەر لە ئەمریکا لە ساڵی 1996ەوە تا 2015 لە نیوەی 100 فیلمدا کە زۆرترین تەماشا دەکرێن رێکلام بۆ بەرهەمەکانی مەی دەکرێت.