داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە چوار مانگی رابردوودا 38 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) رایگەیاند کە داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی چوار مانگی رابردوودا، گەیشتووەتە ٣٨ ملیار و ٥٩ ملیۆن دۆلار.

بەپێی خشتەیەک کە لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکە بڵاوکراوەتەوە، داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی ٨٢،٨ لەسەدا زیادی کردووە، گەیشتووەتە ٣٨ ملیار و ٥٩٠ ملیۆن دۆلار.

داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی چوار مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا، گەیشتە ٢١ ملیار و ١١٠ ملیۆن دۆلار.
لە میانی ئەمساڵدا بەھۆی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا خواست لەسەر نەوت زیادی کردووە و ھەر بەرمیلێکی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا لەسەرووی ١٠٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

عێراق لە ئایاری ٢٠٢٠وە، پابەندی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتە کە لەلایەن "ئۆپێک پڵەس"وە پەسەند کراوە و ئەوەیش کاریگەریی لەسەر ھەناردەکردنی نەوت ئەو وڵاتە کردووە کە لە رەوشی ئاساییدا مانگە ١٠٧ ملیۆن بەرمیل ھەناردە دەکات.

عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢ لەسەدا، پشت بە داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.