لیبیا: "تاکوو پێنج ساڵی دیکە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازمان نییە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری نەوت و گازی لیبیا رایگەیاند، وڵاتەکەی تاکوو پێنج ساڵی دیکە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی نییە.

لە میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا محەمەد عەون وەزیری نەوت و گازی لیبیا بە دامەزراوەی میدیایی رووسیا Sputnikی رايگەیاند "تاکوو پێنج ساڵی دیکە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازمان نییە. ئەو دۆخەی لە ئارادایە رێگە بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان نادات".

عەون بە ئاماژەدان بەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا داوای لێ نەکردوون بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، گوتی: "لە گۆڕەپانە داخراوەکانی نەوت و بەندەرەکان دەستمان نەکردووە بە بەرهەمهێنان".

وەزیری نەوت و گازی لیبیا تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بۆ زانینی هۆکاری بە داخراوی مانەوەی گۆڕەپانە نەوتییەکان و بەندەرەکان ئەو لیژنەیەيی پێکیان هێناوە بەردەوامە لە پەیوەنديی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بەپێی وتەکانی ناوبراو لە دۆخی ئاساییدا بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێکدا یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل و بەرهەمهێنانی گازیش لە رۆژێکدا دوو ملیار مەتر سێجایە.