دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە توندیی سەرکۆنەی کوشتنی خانمە پەیامنێری کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبوعاقلەی کرد کە لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو، بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل گیانی لەدەستدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە پەیامێکیدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، بههۆی رووداوهكهوه ھەستی بە دڵگرانییەکی قوڵ کردووە.
نێد پرایس رایگهیاند: "بە توندی سەرکۆنەی کوشتنی رۆژنامەوان شیرین ئەبو عاقلە لە کەناری رۆژئاوا دەکەین. دەبێت بە خێرایی و بەشێوەیەکی بنەڕەتی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت و بەرپرسیارەکان باجەکەی بدەن. گیانلەدەستدانی ئەو، گورزێکە لە ئازادی رۆژنامەوانی لە ھەر شوێنێکی جیھان".