بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەپێی بڕیارێکی رەگەزنامەی عێراق وێنەی تۆماری وەرەقی ڕاگیرا بۆ مەبەستی وەرگێران بۆ دەرەوەی وڵات، و لەمەودوا بە چەند مەرجێک بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەدرێت بەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە:" بەگوێرەی بڕیارێکی رەگەزنامەی گشتی عێراق کارکردن بە پێدانی وێنەی تۆماری وەرەقی لە کاتی داواکردنیدا بۆ مەبەستی وەرگێڕان بۆ ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات راگیراوە".
ئاماژ بەوەشكراوە :" وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی بە مەبەستی وەرگێران دەدرێت بەو ھاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی عێراق دەژین و تۆمار نەکراون لە سیستەمی زانیاری شارستانی، دوای تۆمارکردنیان بە خزمەتی پێدانی کارتی نیشتیمانی یەکەم جار".
ئەوەش هاتووە :" ئەگەر ھاوڵاتیەکە لە دەرەوەی عێراق بێت پێویستی بە وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی بێت، دەبێت لە باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانەی عێراق لەو وڵاتەی کە تێدا ھاوڵاتیەکە نیشتەجێیە (شهاده الحیاتی) خۆی و وەکالەتی تایبەت بکاتەوە بۆ کەسێک بۆ ئەوەی بە بێ ئامادەبونی خۆی (بدون حچور) مامەڵەی کارتی نیشتیمانی بۆ بکرێت وە دوای مامەڵەکە داوای وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی بۆ بکات".
جێی باسە فەرمانگەکانی رەگەزنامە و کارتی نیشتیمانی لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵدان و راستەوخۆ بڕیارەکانیان لەوێوە پێدەگات و جێبەجێی دەکەن.