دیجیتاڵ میدیای سپێده
فینلاندا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە ئامانجی فراوانکردنی رێکخراوی ناتۆ لە کاتی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینادا، داوای ئەندامێتی لە رێکخراوەکە دەکات.
سەرکۆماری فینلاندا، ساولی نینیستتۆ و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، سانا مارین لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە داوە "بەگوێرەی ئەوەی کە کاتی بڕیاردان نزیکبووەتەوە، راوبۆچوونی هاوبەشی خۆمان بۆ پەرلەمانتاران و پارتە سیاسییەکان دەخەینەڕوو".
لە راگەیەندراوەکە باس لەوەش کراوە کە پێویستە فینلاندا، بەبێ دواکەوتن داوای ئەندامێتی لە ناتۆ بکات لە رۆژانی داهاتووشدا هەنگاوەکانی تایبەت بە بڕیاردان خێراتر دەبن.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە بۆ فراوانکردنی رێکخراوی ناتۆ لە کاتی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیادا، فینلاندا داوای ئەندامێتی لە رێکخراوەکە دەکات.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەندامبوون لە ناتۆ، دەبێتە مایەی بەهێزکردنی ئاسایشی فینلاندا و لایەنی بەرگریی هەموو پەیمانەکە.
واش چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، سویدیش داوای ئەندامێتی لە ناتۆ بکات.
دواتریش سکرتێری گشتیی ناتۆ: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە داواکارییەکەی فینلاندا لەبارەی بوونە ئەندام لە ناتۆ دەکەین. پڕۆسەکە بەخێرایی و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت".