- سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ: "لە ئەگەری داواکاری لەلایەن فینلاندەوە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکەين".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند لە ئەگەری داواکاری لەلایەن فینلاندەوە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکەن و پرۆسەی بە ئەندامبوونیشی بەخێرایی بەڕێوەدەچێت.
یانس ستۆڵتنبێرگ لەبارەی راگەیەندراوێکی هاوبەشی سەرکۆماری فینلاند، ساولی نینیستۆ و سەرۆکوەزیرانی فینلاند، سانا مارین کە بەپێویستییان زانیووە "بەبێ دواکەوتن داواکاری بۆ بوونە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ پێشکەش بکرێت"، رایگەیاند "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو راگەیەندراوە هاوبەشە دەکەین.
ئەمە بڕیاری سەروەریی فینلادایە و ناتۆ رێزی لێ دەگرێت".
سکرتێری گشتیی ناتۆ بە تیشک خستنە سەر ئەوەی لە ئەگەری داواکاری لەلایەن فینلاندەوە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکەن و پرۆسەی بە ئەندامبوونیشی بەخێرایی بەڕێوە دەچێت، گوتی: "فینلاند یەکێکە لە هاوبەشە هەرە نزیکەکانی ناتۆ، وڵاتێکی گرنگە و ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە و رۆڵی هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا و ئەتڵەنتیک".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هاوڕایە لەگەڵ نینیستۆ و مارین لەوەی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ ئاسایشی فینلاند و ناتۆش بەهێز دەکات، گوتی: "دەرگای ناتۆ کراوەیە بۆ بوونە ئەندامی فینلاند و دەرخەری ئەوەیە کە فینلاند لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بڕیار دەدات".
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، سوید بڕیار بدات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ.
هەروەها چاوەڕوانی ئەوەیش دەکرێت کە ناتۆ بە گەرمی پێشوازی بکات لە داواکاری هەردوو وڵات و پرۆسەی بوونیشیان بە ئەندامی ناتۆ بەخێرایی بەڕێوەبچێت.