دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند لە ئەگەری بەشداریکردنی فینلاند لە ناتۆ، بۆ رێگەگرتن لە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا ئەوا ناچار دەبن هەنگاوی سەربازیی و هەنگاوەکانی دیکەی تۆڵەسەندنەوە بنێن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری داواکاری فینلاند بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ وەک "گۆڕانکارییەکی ریشەیی" لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەقەڵەم دا و نووسیوویەتی "سیاسەتی نەبوونی پەیوەندیی سەربازیی فینلاند بۆ ماوەی دەیان ساڵ خزمەتی بە پاراستنی سەقامگیریی باکووری ئەورووپا کردووە و ئاسایشی فینلاندی پاراستووە. کەمکردنەوەی رۆڵی هۆکارە سەربازییەکان بنەمای هاوبەش و هەماهەنگی نێوان رووسیا و فینلانددایە".
وەزارەتی دەرەوە رووسیا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی رووسیا، فینلاندی بەوە رازی کردووە کە وەک ئیمتیازی بەردەوامیدان بە سیاسەتی نەبوونی پەیوەندیی سەربازیی دڵنیایی داوەتە ئەو وڵاتە کە نیازی دوژمنکارانەی نییە بەرامبەری و نووسیوویەتی "ئامانجی ناتۆ کە باوەڕی بە فینلاند هێناوە جگە لە ئەندامبوون لە هاوپەیمانییەتەکە هیچ بژاردەیەکی نییە، روونە. ناتۆ دەیەوێت بەردەوامی بدات بە فراوانکردنی خۆی لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی رووسیا و باڵێکی دیکە دروست بکات بۆ هەڕەشەی سەربازیی لەسەر وڵاتەکەمان".
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی لە ئەگەری بەشداریکردنی فینلاند لە ناتۆ، بۆ رێگەگرتن لە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا ئەوا ناچار دەبن هەنگاوی سەربازیی و هەنگاوەکانی دیکەی تۆڵەسەندنەوە بنێن.