٢٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی رابەڕی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

رابەڕی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٩ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە دیمەشق پایتەختی سووریا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ ١٢ی ئایار، ٢٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی رابەڕی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، شێخ عوسمان عەبدولعەزیز محەمەد کە لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٩ لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریا کۆچی دوایی کرد.

شێخ عوسمان عەبدولعەزیز ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی پریس لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە ھەڵەبجە لەدایک بووە.

ئەو لە دوای خوێندنی ئایینی لەلای باوکی، عەبدولعەزیز محەمەد و مەلا ساڵحی گەورە، ئیجازەی زانستی وەرگرتووە.

شێخ عوسمان عەبدولعەزیز یەکێک بوو لە زانا گەورە و لێھاتووەکانی ھەرێمی کوردستان و جیھانی ئیسلامیی.

لە ژیانی ئاییندا ھەوڵی داوە زانستەکەی بە جیھانی ئیسلامیی بگەیەنێت و لەم چوارچێوەیەشدا چەند بەرھەمێکی نووسراوی بڵاوکردەوە کە گرنگترین و بەناوبانگترینیان "تەفسیری قورئانی پیرۆزە" بە زمانی کوردی کە لە دوتوێی پازدە بەرگ و چوار ھەزار و ٥٠٠ لاپەڕەدا چاپکراوە.

شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ژیانی سیاسییدا یەکێک بوو لە سەرکردە سیاسیی و سەربازییە ناسراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەیش و بەھۆی ھەڵوێستە سیاسییەکانی چەندین جار لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەستگیرکراوە.

شێخ عوسمان عەبدولعەزیز ساڵی ١٩٨٧ بوو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستانی عێراق و لە راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەک ھێزێکی سیاسیی رۆڵی کارایان بینی لە ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی ھەرێم.

ناوبراو لە یەکەم ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان کە لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بۆ ھەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و رابەری رزگاریخوازی کوردستان بەڕێوەچوو لە پاڵ ھەریەک لە جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی و مەحمود عوسمان، خۆی بۆ پۆستی رابەری رزگاریخوازی کوردستان کاندید کرد.

عوسمان عەبدولعەزیز لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٩ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە دیمەشق پایتەختی سووریا کۆچی دوایی کرد.