چاوەڕوان دەکرێت قازانجەکانی کۆمپانیای تۆیۆتا لە ساڵی ٢٠٢٢ کەم ببێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

قازانجی کۆمپانیای تۆیۆتا لە ٢٠٢١ زیادی کرد،چاوەڕوان دەکرێت قازانجەکانی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢٢ کەم ببێتەوە و ئاستی فرۆشتن زیاد بکات.

كۆمپانیای ژاپۆنی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئۆتۆمبێل، تۆیۆتا خەرجییەکانی بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ لەسەدا ٣٦،٣ زیاد کرد و گەیاندی بە سێ تریلیۆن یەن (٢٣ ملیار دۆلار).

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە ئاماری قازانج و خەرجییەکانی ساڵی رابردووی تا مانگی ئادار و پێشبینییەکانی بۆ ٢٠٢٢ ئاشکرا کرد.

بەپێی ئەمە، خەرجی کۆمپانیاکە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ لەسەدا ٣٦،٣ زیادی کردووە و گەیشتووەتە سێ تریلیۆن یەن (٢٣ ملیار دۆلار).

هەروەها داهاتی فرۆشتن لەسەدا ١٥،٣ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣١ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار یەن (٢٤٠ ملیار دۆلار) و قازانجی پوختی کۆمپانیاکە لەسەدا ٢٦،٩ زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو تریلیۆن و ٨٦٠ ملیار یەن (٢١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار).

لەدەستدانی بەهای یەن بەرامبەر بە دۆلار و بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشتن لە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەمریکای باکوور، کاریگەری کردە سەر زیادبوونی قازانجی کۆمپانیاکە.

بەرپرسی دارایی کۆمپانیای تۆیۆتا، کۆن کینتا قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ی وەبیرهێنایەوە و لەو بارەیەوە گوتی: "بەهۆی سەرکەوتنمان بەسەر قەیرانەکان و بەرەوپێشبردنی کۆمپانیاکەمان توانیمان بە ئامانجەکانمان بگەین".

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە پێشبینی دەکات تا ئاداری ٢٠٢٣ قازانج و خەرجییەکان کەم ببێتەوە.

بەپێی ئەمە، قازانجی پوختی کۆمپانیاکە لەسەدا ٢٠،٧ دادەبەزێت و دەگاتە دوو تریلیۆن و ٢٢٦ ملیار یەن (١٧ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار) و خەرجییەکان لەسەدا ١٩،٩ کەم دەکات و دەبێتە دوو تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار یەن (١٨ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار).

لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت ئاستی فرۆشتنەکانی کۆمپانیاکە لەسەدا ٥،٢ زیاد بکات و بگاتە ٣٣ تریلیۆن یەن (٤٠ ملیار دۆلار).