"داعش لە مەخموور خەریکی پیلانە"

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بنکەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە چیای قەرەچۆخ بوردوومان کران و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، داعش لە مەخموور خۆی ڕێک خستووەتەوە و خەریکی پیلانە.

لیوا زریان وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ (١٧-١٢-٢٠١٩) فڕۆکەکانی عێراق ژمارەیەک بنکەی داعشیان لە چیای قەرەچۆخی نزیک مەخموور بوردوومان کرد، بەڵام ئێمە زانیاریمان دەربارەی زیانەکانی داعش لە ھێرشەکانی ئەمڕۆدا نییە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: "چەند ڕۆژێکە داعش لە سنووری قەزای مەخموور خۆی ڕێک خسووەتەوە و بە شێوەی مەفرەزە لە دەشتی قەراج و دەڤەری مەخموور دەستیان بە جووڵە کردووە، ھێزی پێشمەرگەش بە وردی چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش دەکات لەو سنوورە، بەتایبەتی ماوەی چەند ڕۆژێکە کەشوھەوا تێک چووە."

لیوا زریان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش لە مەخموور جێگەی مەترسییە و ئەوان پیلانیان ھەیە لە ھەر شوێنێک بۆیان ڕێکەوت، دەستی خۆیان بوەشێنن و ھێرش بکەن."

قائید میرۆ