نەتەوەیەکگرتووەکان پرۆژه‌ بریاری ئه‌نجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتری لە دۆخی مرۆیی ئۆکرانیا پەسەندکرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەو پڕۆژە بریارەی کە به‌ مه‌به‌ستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆخی مرۆیی ئۆکرانیا کە بەھۆی ھێرشەکانی رووسیاوه‌ بەرەو خراپتربوون دەچێت، پێشکەشی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کرابوو، بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

لە کۆتایی دانیشتنی تایبەت به‌ ئۆکرانیا کە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە رێکخرابوو، دەقی بریاری لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکرانیا کە بەھۆی ھێرشەکانی رووسیاوە بەرەوخراپتربوون دەڕوات و سەرکۆنەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ کە رووسیا بووەتە ھۆکاری، خرایە دەنگدانەوە.

بڕیارەکە بە دوو ده‌نگی نه‌خێر و 33 ده‌نگی به‌ڵێ، پەسەندکرا. 12 ئەندامی ئەنجوومەنەکەش دەنگیان نەدا.

لە دەقی بڕیارەکەدا سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە رووسیا لە 24ی شوباتەوە تا ئێستام ئەنجامی دەدات کراوە، و داوا لە مۆسكۆ کراوە کە "رێگە بە نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدات بە شێوەیەکی خێرا و بێ ده‌ستوه‌ردان بگەنە ئەو مەدەنییانەی کە لە ئۆکرانیا لە ناوچەی پێکدادانەکاندان".

هه‌ر لە دەقی بڕیارەکەدا تاوتوێی ئەو پێشێلکارییانە كراوه‌، کە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئۆکراینا لە ناوچەکانی کیێڤی پایتەخت، چێرنیگیڤ و خاركیڤ بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ دەستنیشانی کردووە، و داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسیارەکان کراوە و نیگەرانییەکان لە خاویی بەڕێوەچوونی پێواژووی ئاگربەست و پرۆسەی دەربازکردنی مەدەنییەکان لە ماریۆپۆڵ کە لەژێر گەمارۆدایە، خراوەتەڕوو.

لە دەقی بڕیارەکەدا پاڵپشتیی تەواوی ئەنجوومەنەکە بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئۆکرانیا نوێکراوەتەوە.