یونیسێف: "لە ماوەی مانگی رابردوودا ١٠٠ منداڵ لە ئۆکرانيا گیانیان لەدەستداوه‌"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سندوقی ھاریکاری منداڵانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، ناسراو به‌ یونیسێف، بڵاویكرده‌وه، لە ماوەی مانگی رابردوودا نزیکەی ١٠٠ منداڵ بەھۆی ئەو جەنگەی کە رووسیا له‌ ئۆکرانيا هه‌ڵیگیرساندووه‌، گیانیان لەدەستداوە.

کاربەدەست له‌ یونیسێف عومەر عەبدی، لە میانی گوتارێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد کە جەنگی ئۆکرانيا قەیرانی لە مافەکانی منداڵاندا درووستکردووە.

عومەر عەبدی، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ھێرشەکانی سەر قوتابخانەکان مافی خوێندنی لە منداڵان سەندووەتەوە و ئاشكرایكرد، لە ماوەی مانگی رابردوودا نزیکەی ١٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

عەبدی باسی لەوەش کرد کە قوتابخانەکان بۆ ئامانجی سەربازیی بەکارھێنراون و ھەفتەی رابردوو ١٥ قوتابخانەی پاڵپشتیکراو لەلایەن یونیسێفەوە تووشی زیان بوونەتەوە. هه‌روه‌ها بانگەوازی کرد کۆتایی بە ھێرشکردنە سەر قوتابخانەکان بھێندرێت.

جێگری نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ریچارد میڵز، ئاشكرایكرد رووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، رۆژانە نزیکەی ٢٢ قوتابخانەی کردووەتە ئامانج.

لەلای خۆیەوە نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڤاسیلی نیبینزیا، ئەو تاوانانەی ره‌تكرده‌وه‌ کە ئاراستەی سوپای رووسیا کراون و داکۆکی لەوە کرد کە لە ئۆکرانيا بە راستی مێژوویان فێری منداڵەکان نەکردووە.

ھاوکات باڵیۆزی ئۆکرانيا لە نەتەوەیەکگرتووەکان سێرگی کیسلیتسیا، رووسیای بە رفاندنی منداڵانی ئۆکراینا و بەشێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ خۆگرتنیان له‌لایه‌ن خێزانه‌كانه‌وه‌، تۆمەتبارکرد.