دیجیتاڵ میدیای سپێده
یەکێتیی ئەورووپا بەناردنی هاوکارییەکی دیکەی سەربازی بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن یورۆ، کۆی گشتیی ئەو هاوکارییە سەربازییانەی بۆ ئۆکرانیای ناردووە، گەیاندە دوو ملیار یورۆ.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان بەرلە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی G7 کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند کە پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاد دەکەن.
ناوبراو بە رۆژنامەوانانی رايگەیاند "یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی پشتیوانی کردنی سوپای ئۆکرانیا کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی بەبەهای ٥٠٠ ملیۆن یورۆ رەوانەی ئۆکرانیا دەکات و بەم شێوەیەش کۆی گشتیی ئەو هاوکارییە سەربازییانەی کە بۆ ئۆکرانیای ناردووە، دەگەیەنێتە دوو ملیار یورۆ".
بۆرێل ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچوارچێوەی ئەو هاوکارییە سەربازییەدا جگە لە چەکی قورس، کەرەستەی سەربازی وەک زرێپۆش و تانک و تۆپ و تەقەمەنییش پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکەن.
بۆرێل ئاشکرای کرد کە بە سزای ئابووری فشاری زیاتر دەخەنە سەر رووسیا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لەمیانی کۆبوونەوەی G7دا هەریەکە لە پرسەکانی وەکوو گۆشەگیرکردنی رووسیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و نرخی وزە و خۆراک تاوتوێ دەکرێن.