ئەمریکا بانگهێشتی رووسیا دەکات بۆ راگەیاندنی "ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکرانیا"

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەمیانی یەکەمین گفتوگۆی لەگەڵ ھاوتا روسییەکەی، سێرگی شۆیگو لەوەتەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، داوای راگەیاندنی "ئاگربەستی بەپەلەی لە ئۆکرینادا" کرد.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆن کیربی بڵاوکراوەتەوە، ئۆستن بۆیەکەمین جار لە دوای 18ی شوباتەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا رووسییەکەی، شۆیگو ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:"وەزیر، ڵۆید ئۆستن بۆ یەکەمین جار لە دوای 18ی شوباتەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو لە 13ی ئایار گفتوگۆی کردووە. ئۆستن بانگھێشتی رووسیای کردووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکراینادا و جەختی لە گرنگی بە کراوەیی جێھێشتنی نێوەندەکانی پەیوەندی کردووەتەوە".

ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە 24ی شوبات دەستی پێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ژمارەیەکی زۆر سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە.