دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ٢٠٢٢ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام نادرێت و بۆ سبەی یەکشەممە دواخرا.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لەسەر داوای ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکان بە ئامانجی راوێژ و گفتوگۆی زیاتری لەبارەی تەواوکردنی پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سبەی یەکشەممە دواخراوە.

دوێنێ ھەینی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە رۆژی شەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٢، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەیش دابوو کە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بریتی دەبێت لە دەنگدان بە پرۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان کە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئامادە کراوە .

ئەوەیشی خستبووەڕوو کە لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، تاوتوێی پێشھات و رووداوەکانی ئەم دواییەی قەزای شنگال دەکرێت.