دیجیتال میدیای سپێده
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیدانەی کوژرانی خانمە پەیامنێری فەڵەستینی، شیرین ئەبو عاقلە-ی کرد و داوای کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر، شەفاف، دادپەروەر و بێ لایەن ئەنجام بدرێت.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری ئەبو عاقلە کرد کە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکرا و فیشەک بەر سەری کەوت و گیانی لەدەستدا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی کوشتنی ئەبو عاقلە و برینداربوونی رۆژنامەنووسێکی دیکەی فەڵەستینی کرد و، داوای کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر، شەفاف، دادپەروەر و بێ لایەن ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە رۆژنامەنووسان وەک هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن.
پەیامنێری بە ئەزموونی مەیدانی کەناڵی ئەلجەزیرە کە ناوەندەکەی لە قەتەرە، شیرین ئەبو عاقلە (٥١ ساڵ)، لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە ١١ی ئایاردا، بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل کوژرا.