كۆمپانیای نەوتی باكور: هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتە سەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن و داوود

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

كۆمپانیای نه‌وتی باكور رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاده‌ڕه‌وی كردۆته‌وه‌ سه‌ر دوو كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی سه‌ر به‌كۆمپانیاكه‌یان.

به‌پێى سایتى "رادیۆ نه‌وا" كه‌ چه‌ند میدیایه‌كى عێراقى بڵاویانكردوته‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كۆمپانیای نه‌وتی باكور رایگه‌یاندوه‌، پێشتر ژماره‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی و پێشێلكاریمان به‌دیكرد كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، له‌وانه‌ كێڵگه‌كانی خورمه‌ڵه‌و ئاڤاناو سه‌فیه‌و كۆرمۆر، كۆمپانیاكه‌مان سكاڵای یاسایی له‌ دادگاكانی تایبه‌تمه‌ندی عێراق تۆماركردوه‌ تائێستا چاوه‌ڕێی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ین.

راشیگه‌یاندوه‌، به‌رده‌وامی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ به‌ پشتیوانی هێزێكی چه‌كداری سه‌ربه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی و تیمێكی هونه‌ری كاركردن ده‌كرێت له‌ هه‌ردو كێڵگه‌ی بای حه‌سه‌ن و داوود، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی به‌ده‌ستهێنانی وزه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌كانێتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ ده‌ستورو یاساكانی عێراق ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدای له‌سه‌ر بونیاتناراوه‌، به‌و پێیه‌ی نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو گه‌لی عێراقه‌و حكومه‌تی فیدراڵی سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان ده‌كات.